ئێمری ئامادە نییە دەست لە راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان بكێشێتەوە

کاردانەوەی زیدان و رامۆس و ئێمری دوای یارییەکە

دوای شکستەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید و کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ، ئۆنای ئێمری رەتیکردەوە دەست لە راهێنەرایەتی یانەی پاریس سانجێرمان بکێشێتەوە، راشیگەیاند رۆژێک هەر دادێت پاریس سانجێرمان ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، زینەدین زیدانیش باسی هۆکاری یاریی پێنەکردنی لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووسی کرد.

 

ئۆنای ئێمری، راهێنەری پاریس سانجێرمانی فڕەنسی
من ئێستا بیر لە دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەم ناکەمەوە، پێموایە دوای دەرکرانی مارکۆ ڤێراتی لە یارییەکە، ئەرکمان یەکجار سەخت بوو، ریال مەدرید شایستەی سەرکەوتن بوو.
پێموایە ئێمە لە ریال مەدرید باڵادەستتر بووین، بەڵام نەمانتوانی ئەو هەلانە بقۆزینەوە کە لە یارییەکە بۆمان رەخسا.
سەبارەت بە پاریس سانجێرمانیش، لەوانەیە وەرزی داهاتوو ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و دڵنیام هاندەرانی پاریس سانجێرمان رۆژێک دادێت دەبینن یانەکەیان دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، لەوانەیە زیاتر لە جارێکیش ئەمە ببینن.

 

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی
ئێمە یارییەکی نموونەییمان ئەنجام دا و لە سەرەتاوە هێرشمان دەکردە سەریان و فشارمان خستە سەریان، دڵخۆشم بە ئاستی یاریزانەکانم.
من لۆکاس ڤازکوێز و مارکۆ ئەسیسنسیۆم هەڵبژارد بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی بە دوو پلان بەرگری بکەین و رێگا نەدەین لایەکانی پاریس سانجێرمان بە ئاسانی هێرش ببەن، مۆدریچ و کرووس %١٠٠ بۆ یارییەکە ئامادەبوون، بەڵام چەند شتێک هەبوون پێویستبوو من حیسابیان بۆ بکەم و من پێکهاتەی یارییەکان دەستنیشان دەکەم و دەزانم یاریی بە کێ دەکەم.
سەبارەت بە ناجێگری ئاستی ریال مەدرید لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە، پێموایە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێمە سێ رۆژ جارێک یارییەک ئەنجام دەدەین و ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەرمان هەیە. گاریس بەیل سەرەکەی نەبوو لە یارییەکە، بەڵام ئەو یاریزانێکی گرنگە لە یانەکەمان.

 

سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری ریال مەدریدی ئیسپانی
ئێمە یارییەکی زۆر باشمان کرد و لە یەکەم خولەکی یارییەکەوە هەوڵمان دەدا گۆڵ تۆمار بکەین بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە سەختە تێبپەڕێنین، رووبەڕووی تیپێکی رێکخراو بووینەوە و ئەوان زۆر بە باشی یارییان دەکرد، بەڵام ئێمە لە ناوەڕاستی یاریگەوە فشارمان دەخستە سەریان. بە شێوەیەکی زۆر باشیش بەرگریمان کرد و نەمانهێشت تیپی بەرامبەر هیچ هەلێکی گۆڵکردنی بۆ بڕەخسێت.