ڤالڤێردی: جێگای شانازییە مێسی لە تیپەکەت یاریی بکات

لێدوانی ڤالڤێردی و کۆنتی دوای یارییەکەی بارسێلۆنا و چێڵسی

دوای سەرکەوتنی بارسێلۆنا بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە چێڵسی، ئێرنێستۆ ڤالڤێردی ستایشی لیۆنێل مێسی کرد و ئەنتۆنیۆ کۆنتیش دەڵێت بارسێلۆنا بۆیە بردییەوە، چونکە مێسی هەیە.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری بارسێلۆنا

یارییەکەی ئەمڕۆمان سەختترین یاریی ئەم وەرزەمان بوو، دەمانزانی یارییەکی سەخت و ئاڵۆز چاوەڕێمان دەکات، چێڵسی خاوەنی یاریزانی نایابە و ئەوان لە یاریی چوون و گەڕانەوە زۆر ئێمەیان ماندوو کرد، بەڵام دواجار ئێمە لە روانگەی خۆمانەوە یاریمان کرد.
گۆڵی یەکەمی مێسی ئەرکی ئێمەی ئاسان کرد،
عوسمان دێمبلی بە تەواوەتی ئەرکی خۆی بەجێگەیاند، گۆڵێکی تۆمارکرد و بەرگرییەکی باشیشی کرد، لە نیوەی دووەم ئێمەی لە گۆڵێکی مسۆگەر دەرباز کرد، ئەو هەمان ئەرکی پاولینهۆی لە یاریی چوون بەجێگەیاند، پێکانە یەک لە دوایەکەکان کاریگەرییان بەسەر دێمبلی هەبوو.
یاریکردنی مێسی لە تیپەکەتدا خۆی لەخۆیدا جێگای شانازییە، ئەو یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە و دەزانێت پێویستە لەم جۆرە یارییە سەختانە دەربکەوێت گۆڵ تۆمار بکات، لەم یارییە هەمان شتی کرد و خاڵی جیاوازیی بوو.
پێشوازیی لەم پاڵپشتییەی هاندەران دەکەم بۆ ئاندرێ گۆمێز.
من ئێستا بیر لە تیروپشکی چارەکی کۆتایی ناکەمەوە.

 

ئەنتۆنیۆ کۆنتی، بەڕێوەبەری هونەری چێڵسی
ئێمە لە سەرەتاوە گۆڵێکمان لێکرا و خراپ دەستمان بە یارییەکە کرد، بەڵام دواتر کە بەشێکی زۆری یارییەکەدا هەوڵمان دا بە شێوازی خۆمان یاریی بکەین، مێسی خاڵی جیاوازیی نێونا ئێمە بوو، ئەوان مێسییان هەبوو بۆیە بردیانەوە، مێسی لە یاریی چوون و گەڕانەوە سێ گۆڵی کرد و گۆڵێکیشی دروستکرد. مێسی یاریزانێکی نایابە.
ئێمە لە هەردوو یاریی بەختمان نەبوو، لە یاریی یەکەم و دووەم چوار جار تۆپمان لە ستوونی گۆڵ دا، بەڵام بەداخەوە بەخت یاوەرمان نەبوو.
پێموایە ئەنجمای یارییەکە دادپەروەرانە نەبوو، ئێمە شایستەی سێ گۆڵ نەبووین، چونکە یارییەکی باشمان کرد.
ئێمە هەموو شتێکمان کرد، بەڵام تاکو بارسێلۆنا مێسی هەبێت ناتوانیت لێیان ببەیتەوە، چونکە لیۆ باشترین یاریزانی جیهانە و هەمیشە لە کاتی سەختدا یەکلاکەرەوەیە، من پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە بارسێلۆنا و مێسی دەکەم.