"شەڕی داعش لە عێراق كۆتایی نەھاتووە"

لەم ناوچانە رووبەڕوو بوونەوە ھەیە

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رایدەگەیەنێت، شەڕی داعش لە عێراق کۆتایی نەهاتووە و لە چەند ناوچەیەكی عێراق شەڕی ھێزەكانی عێراق و چەكدارانی داعش بەردەوامە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: "شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و تاوەکو ئێستا حەشد و هێزەکانی عێراق بۆ سەرکەوتن شەهید پێشکەش بە عێراق دەکەن".

گوتیشی: "پێویستە پارێزگاری لە سەرکەوتن بەسەر داعش بکەین و بەهەمان هەڵوێستی پێشوو پشتیوانی لە شەڕی دژ بە داعش بکەین".

 جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئاماژەی بەوەشدا: "هێزەکانی عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا و حەشدی شەعبیش لە ناوچەکانی شارۆچکەی حەویجە رووبەڕووی داعش دەبنەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، چوار مانگ لەمەوبەر حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتاری سەركەوتنی پێشكەشكرد و رایگەیاند داعش لە عێراق كۆتایی ھات.

لە ساڵی 2014 داعش بەشێكی خاكی عێراقی داگیركرد، دوای سێ ساڵ بە پاڵپشتی ئەمریكا و ھاوپەیمانان سوپای عێراق توانی زۆربەی ناوچەكان كۆنترۆڵ بكاتەوە، بەپێی زانیارییەكان ھێشتا چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق ماون و لەم ماوەیەشدا ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی و ھاووڵاتی سڤیلیان كوشتووە.

ھ.م