كێشەی كورد كەركووكە نەك مووچە

داوای یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی كەركووك دەكرێت

K24 - ھەولێر

خەڵکی کەرکووك رایانوایە، تا چارەنووسی کەرکووك یەکلای نەکرێتەوە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامی دەبێ. لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کەرکووك داوا دەکەن، هەرێمی کوردستان بە یەك پاکێج کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. مامۆستایەكی ئاینی لە كەركووك رایدەگەیەنێت، كێشەی نێوان كوردستان و بەغدا، فڕۆكەخانە و مووچە نییە، بەڵكو كەركووكە.

جوان حەسەن، 

جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە كوردستان24 گوت: "كەركووك خاڵی سەرەكی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، دەبێ ئەو خاڵە یەكلایی بكرێتەوە و نەیھێڵنەوە بۆ ماددەی 140، راستە ماددەیەكی دەستوورییە، بەڵام جگە لە كورد پێكھاتەكانی دیكە كاتێك دەسەڵاتیان ھەیە دەڵێن ئەو ماددەیە مردووە، لەوكاتەی كە لاوازن پێمان دەڵێن وەرن ماددەكە جێبەجێ بكەین".

یەکێتیش لە کەرکووك، خاوەن هەمان بۆچوونی حزبە سیاسییەکانی دیکەن، دەیانەوێت کێشەی شارەكە لە رێگای گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێ.

رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکووکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: "كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكرێت، وەك ئەوە وایە كەركووك كوردستانی نەبێت، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانیش تائێستا باسی كەركووك نەكراوە".

ھەر سەبارەت بەو پرسە مەلا ساماڵ بازیانی، پێش نوێژ و وتاربێژ لە شاری كەركووك جەختیكردەوە: "لە دێرزەمانەوە كێشەی كورد لەگەڵ حكوومەتی عێراق كەركووك بووە، نەك فڕۆكەخانە و مووچە، ئەگەر كەركووك لەنێو ھاوكێشەكان نەبێت بێ ئومێدی لەنێو خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی كەركووكییەكان دروست دەكات".

ھ.م