بارزانى ههڵوێسته نهتهوهيى و نيشتيمانييهكانى دووپاتدهكاتهوه
خەڵکی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە یەکڕیزی و تەبایی و کاریزمای سەرکردەیەکی وەک بارزانی هەیە
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ نەتەوەی كورد لە كوردستان و جیھاندا لە كاتێكدا جەژنی نەورۆز دەكاتەوە، كە ھەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان بە بارودۆخێكی سەختدا تێپەڕدە بن، بەتایبەت ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، لەبەردەم ھەڕەشە و ھەوڵێكی دوژمنكارانەدایە بەتایبەتی دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک وناوچە کوردستانییەکانی دیکە.
لەلایەك حكومەتی عێراق و لەلایەكی دیكەوە ھێزە ھەرێمایەتییەكانی دیكەش، ھەوڵ دەدەن رۆڵی ھەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و جیھانیشدا كەم بكەنەوە و دۆزەكەی لە پرسێكی نەتەوایەتی و نیشتیمانی و جیھانییەوە، بۆ پرسێكی ئیداری و كێشەی نێو چەند پارێزگایەك كورت بكەنەوە، بەڵام ئەوەیان بۆ نەچووەسەر . چونكە خۆڕاگری خەڵكی كوردستان لە بەرانبەر پیلان و ھەوڵە تێكدەرەكان، ئەمجارەش وەك جارانی تر، وایكرد گەمارۆكانی سەر ھەرێمی كوردستان تێكبشكێنرێن، لەوەشدا سەرۆك مەسعود بارزانی رۆڵێكی كاریگەر و مێژوویی ھەبوو، وەك چۆن بە هەوڵ و پێداگیریی سەرۆک بارزانی مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری عێراق چەسپێنران.
هەروەها لەو كاتانەی كە ھەڕەشە و پەلامار بۆ سەر نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستان و دەسكەوتەكانی ھەیە، سەرۆك بارزانی فاكتەرێكی بەھێزی پووچەڵ كردنەوەی ئەو ھەوڵانەیە، وەك چۆن لە كاتی ھێرش و پەلاماری رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا، لە تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش، بارزانی رۆڵێكی كاریگەری ھەبوو، ئەو ھێزە رەشەی راستەوخۆ ھەڕەشەی بۆ سەر ھەموو دەسكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی و تەنانەت ھەولێری پایتەختیش دروست كرد.
پاش نەمانی داعش و شكستخواردنی، حكومەتی بەغداش پیلانێكی لەبەردەستدا بوو تا دەسكەوتەكانی خەڵكی كوردستان بەتەواوەتی لەناوببات و ئەوەی داعش نەیتوانی بیكات، ئەم ئەنجامی بدات، دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستان تەسكبكاتەوە و وەك ھەر پارێزگایەكی دیكەی عێراق و بگرە نزمتریش، مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری ھەرێمی كوردستاندا بكات كە بە پێی دەستوور ھەرێمێكی فیدراڵیە و بەغدا دەبێت بە پێی ماددە دەستورییەكان مافە سیاسی و ئابووریی و كولتوورییەكانی بسەلمێنێت، بەڵام دیسان بە خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و بەرگری پێشمەرگە و سووربوونی سەرۆك بارزانی لەسەر پاراستنی ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بە ھەموو نەتەوە و ئایین و دەنگ و رەنگە جیاوازەكانیيەوە، ئەمڕۆ دەبینین گەمارۆی ئاسمانی سەر ھەرێمی كوردستان ھەڵگیراو بەغدا دواجار لە بەردەم فشارە نێودەوڵەتییەکان وئیرادەی خەڵکی کوردستان ملکەچی دانوستان بوو.
پاش ئەوەی بەغدا راستەوخۆ ھیچی بۆ نەكرا، ئێستا لەناوخۆی ھەرێمی كوردستانەوە ھەوڵێك ھەیە بۆ ئەوەی ئاستی پرسی كورد و مافە دەستووری و مێژوییەكانی، نزم بكەنەوە بۆ پرسێكی ئیداریی و لە چوارچێوەی مەسەلەی ناردنی موچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكاندا كورتی بكەنەوە، بەڵام وەک سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بە بیری ھەموولایەكی ھێنایەوە كە: "كێشەی ئێمە كێشەی مافی سیاسی و نەتەوایەتی و دەستووری و ئابووری و مرۆیی گەلی كوردستانە، ناكرێ و نابێت تەنیا لە دوو بابەتی موچە و فڕۆكەخانەكاندا كورت بكرێتەوه".
هەربۆیە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە یەکڕیزی و تەبایی و کاریزمای سەرکردەیەکی وەک بارزانی هەیە کە رۆڵێکی کاریگەری لە بووژاندنەوەی هەستی نیشتمانی و بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان هەیە و دۆست ودوژمن دانیان پێداناوە .