داعش هه‌ڕه‌شه له مێسی و مۆندیالی رووسیا ده‌كات
هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربڕینی مێسی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی داعش، جارێكی دیكه هه‌ڕه‌شه له پاڵه‌وانێتی جامی جیهانی، مۆندیالی 2018ی رووسیا و لیۆنێل مێسی ئه‌رژه‌نتینی و ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی ده‌كات.
رێكخراوه‌كه‌ی له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت وێنه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ده‌ركه‌وتووه، مێسی جلێكی پرته‌قاڵی له به‌ردایه و له‌لایه‌ن یه‌كێك له چه‌كداره‌كانی داعش گیراوه، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بیكوژن.
رێكخراوی داعش له سه‌ره‌وه‌ی وێنه‌كه‌دا، ئایه‌تی قورئانی "فَاضْرِبُوا فَوْقَ الْأَعْنَاقِ وَاضْرِبُوا مِنْهُمْ كُلَّ بَنَانٍ" له سوره‌تی ئه‌نفال -12، نووسیوه.
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش، له دوای ئه‌وه دێت، كه پێشتر به هه‌مان شێوه هه‌ڕه‌شه‌ی له مێسی كردبوو و وێنه‌یه‌كی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی تۆپی پێی بڵاوكردبۆوه له ناو قهفهزێكدایه و خوێن له چاوی چه‌پی دێته‌خواره‌وه، له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی دیدیه دیشامپ، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا، كه جلی له سێداره‌دانی له‌به‌ردایه و چه‌كدارێكی داعش لووله‌ی ده‌مانچه‌كه‌ی به ئاراسته‌ی سه‌ری راگرتووه.
جامی جیهانی 2018، له ماوه‌ی 14ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ تاكو ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2018 له وڵاتی رووسیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ماوه‌ی كه‌متر له سێ مانگی ماوه.
ا. م