داگیركاری و كۆمەڵكوژی بۆنە نەتەوەییەكانی كورد ناوەستێنێ

"بەھۆی داگیركردنی كەركووك و عەفرین بە دڵگرانی بەشداری لە رێوڕەسمی نەورۆز دەكەین"

K24 - ھەولێر

وێرای ئەوەی ئەمساڵ بۆ كورد ساڵێكی سەخت و ناخۆش بوو، بەھۆی داگیركردنی كەركووك و عەفرین، بەڵام لە ھەموو شارەكانی كوردستان ئاگری نەورۆز كرایەوە، لە شاری ئاكرێش بە بەشداری زیاتر لە 30 ھەزار كەس ئاگری نەورۆز كرایەوە و بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 رێورەسمێكی شایستە رێكخرا. بەشداربووان جەخت دەكەنەوە داگیركردن و كۆمەڵكوژی نابنە رێگر لەبەردەم جەژن و بۆنە نەتەوەییەكانی گەلی كورد.

كوردستانیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ساڵێكی دژواربوو بۆ گەلی كورد بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان خەڵك بەھۆی داگیركردنی كەركووك و عەفرین خەمگینن، لێ لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەنین بۆنە نەتەوەییەكانی كورد بە بێدەنگی بەڕێبكەن.

ئادەم گەڤەری، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) كە ئێستا بەسەردان لە باشووری كوردستانە بە كوردستان24 گوت: "بۆ نەورۆز ھاتووینەتە باشووری كوردستان، پێمان خۆشبوو ئەمساڵ نەورۆز لە ئاكرێ پیرۆز بكەین، بەداخەوە نەورۆز بە خەمگینی پیرۆز دەكەین، چونكە كەركووك و عەفرین، لەلایەن دوژمنان داگیركراون".

بەشداربووێكی دیكەی فێستیڤاڵی نەورۆز لە ئاكرێ دەڵێت: "ھەرچەندە فێستیڤاڵەكە زۆر خۆش بوو، بەڵام بە داگیركردنی عەفرین دڵگران بووین".

ھ.م