رۆناڵدینهۆ روودەکاتە سیاسەت و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو خۆی كاندید دەکات
دوای وازهێنانی لە یاریکردن
رۆناڵدینهۆ دەبێتە ئەستێرەیەکی دیکەی تۆپی پێ روو لە بواری سیاسەت بکات و دوای وازهێنانی لە یاریکردن، بڕیاری داوە ببێتە سیاسەتڤان.
لە بەیاننامەیەکیدا، ئەو حیزبەی رۆناڵدینهۆی بڕازیلی ئەندامییەتی و پەیوەندیی پێوە کردووە، ئاشکرایکردووە رۆناڵدینهۆ بڕیاری داوە ببێتە بەشێک لەو پڕۆژەیەی حیزبەکە هەیەتی بۆ خۆشگوزەرانی و باشترکردنی ژیانی خەڵکی ریۆ دێ جانییێرۆ.
رۆناڵدینهۆی 37 ساڵان کە سەرەتای ئەمساڵ بەیەکجاریی وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند، بەنیازە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ خۆی بەربژێر بکات، بەڵام هێشتا بەیەکجاریی ئەمەی یەکلا نەکردووەتەوە.
رۆناڵدینهۆ پێشتر لەگەڵ یانەکانی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی و بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەیسی میلانی ئیتالی یاریی کردووە و لەگەڵ هەڵبژاردەی بڕازیلیش بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2002، دوو ساڵیش لەسەر یەک لە ساڵانی 2004و 2005 بە باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکرا.