ترەمپ و ئەردۆغان كشانەوەی یەپەگە لە منبج تاوتوێ دەكەن

توركیا: نزیكبوونەوەی ھەولێر و بەغدا كاریگەری لەسەر ئەنقەرە دەبێت

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ ترەمپ و ئەردۆغان، لەبارەی منبج پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدەدەن، ئاماژە بەوەشدەدا، چەند لیژنەیەكیان لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی سووریا پێكھێناوە.

مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " چاوەڕێین یەپەگە لە منبج بكشێتەوە و دوای منبج دەچینە رۆژھەڵاتی فوڕات، یەپەگە لە ھەر شوێنێك بێت ھێزەكانی توركیا دەچنە ئەوێ".

وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "چەند لیژنەیەكمان لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی سووریا پێكھێناوە و ھێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتن، ھەوڵدەدەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا باشتر بكەین".

ئاشكراشی كرد: "ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی منبج پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدەدەن".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا، چاوشئۆغڵۆ گوتی: "له‌م دواییانه‌دا هه‌ولێر و به‌غدا له‌یه‌كتری نزیكبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ش ده‌بێت".

پێشتر رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریكی، لە راپۆرتێكدا لە زاری بەرپرسانی ئەمریكا و توركیاوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو، واشنتن و ئەنقەرە هه‌وڵه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و یه‌كه‌م هه‌نگاویش له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌مریكا فشار بخاته‌ سه‌ر شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ له‌ منبج بكشێنه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و توركیا.

ئەمە لەكاتێكدایە دوای نزیكەی دوو مانگ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر عەفرین، سوپای توركیا لە 18/3/2018، داگیركردنی شارەكەی راگەیاند، بەرپرسانی یەپەگەش رەخنە لە بێدەنگی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرن، كە تا ئێستا ھەڵوێستیان لەسەر داگیركردنی عەفرین نەبووە.

ھ.م