ئەردۆغان: عێراق پەكەكە لە شنگال دوورنەخاتەوە ئۆپەراسیۆن دەست پێدەكەین
"بەرپرسێكی عێراق بۆ ئەم مەبەستە سەردانی توركیا دەكات"
K24 - ھەولێر
سەرۆك كۆماری توركیا رایدەگەیەنێت، ئەگەر حكوومەتی عێراق لە دوورخستنەوەی پەكەكە لە شنگال سەركەوتوو نەبوو، ئەوان ئۆپەراسیۆن بۆسەر پەكەكە لە شنگال دەست پێدەكەن، دەشڵێت: "ئارامیمان بەرامبەر شنگال نەماوە و دژی پەكەكە ھەر كارێك دەكەین".
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەرلە بەرێكەوتنی بۆ بولگاریا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند: "ئارامیمان بەرامبەر شنگال نەماوە و ئەگەر عێراق سەركەوتوو نەبوو لە دوورخستنەوەی پەكەكە، ئەوا ھەر كارێك ئەنجامدەدەن".
گوتیشی: "بەرپرسێكی دەزگای ھەواڵگری عێراق سەردانی توركیا دەكات بۆ دانووستان لەبارەی دوورخستنەوەی پەكەكە لە شنگال".
ئەردۆغان راشیگەیان: "نەكشانەوەی ئەمریكا لە منبج لە دەرەوەی ئیرادەی ترەمپە و ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ ئەمریكا بە ھاوبەشی منبج بەرێوەببەین و شارەكە رادەستی خەڵكەكەی بكەینەوە".
ھەر سەبارەت بەو پرسە، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی گوتووە: "یەکەکانى فیرقەى 15 سەربە سوپاى عێراق گەیشتنە قەزاى شنگال و ناحییەى سنونێ بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچەکە و رێگە گرتن لە دروستبوونى بۆشایی ئەمنى، جێگیربوونى ئەو هێزانە لەو ناوچانە لەژێر فەرمانى حکوومەتى عێراق بووە".
روونیكردووەتەوە: "یەکە سەربازییەکانى سوپاى عێراق لەو ناوچانە جێگیر کراون، کە پێشتر بنکە و بارەگاکانى پەکەکە بوون، جێگیربوونى ئەو هێزەى سوپاى عێراق دواى بڕیارى کشانەوەى چەکدارانى پەکەکە دێت لە شنگال و سنونێ تەواوى ناوچەکە".
ھ.م