ھەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی كەركووك رێكدەكەون

میكانیزمێكی گونجاو دەدۆزرێتەوە

K24 - ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کورستان، لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی هاوبەش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دروست بکرێت، هەنگاوەکانیش چوونەتە پێش و گوتەبێژی پارتیش زانیاری نوێ ھەوڵەكانی ئاشکرا دەکات.

گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەشتۆتە ئاستێك، کە هەردوولا نزیکن لە رێكکەوتن بۆ ئیدارەیەکی هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، تا چارەنووسی كەركووك و ئەو ناوچانە له رێگە مادەی 140 یەکلایی دەکرێتەوە.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "گفتوگۆ لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق، وەك پاكێجێك ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆ ئەوەی تا مادەی 140 جێبەجێ دەكرێت، میكانیزمێكی ھاوبەش بدۆزرێتەوە، بەو ئامانجەی دۆخی ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە پێش 16 ئۆكتۆبەر".

لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتوبەرەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە هەولێرن، وەك یەکەم هەنگاو بڕیارە ئەوان بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان لە کەرکووك.

لەوبارەوە رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە كوردستان24 گوت: "ئەو ھەنگاوانەی حكوومەتی ھەرێم، لەپێناو نزیكبوونەوە و چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە، كە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق روویانداوە لە دوای 16 ئۆكتۆبەری 2017، ئەگەر حكوومەتی عێراق دەستوور جێبەجێ بكات كێشەمان نامێنێ، بەتایبەتی مادەی 140 یەكلاكەرەوەی كێشەكانە".

ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ لێدوانێكی فەرمی لەبارەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم نەداوە، تەنها ئاماژە بەوە کراوە کە لەهەوڵی ئەوەدان لەو ناوچانە هیچ پێکهاتەیەك پەراوێز نەخرێت.

ھ.م