ئه‌نقه‌ره هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ره‌تده‌كاته‌وه
حكومه‌تى توركيا، وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ئيمانوێڵ ماكرۆنى دايه‌وه.
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى توركيا، وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ئيمانوێڵ ماكرۆنى دايه‌وه.
ئيبراهيم كالن، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا، رايگه‌ياند، "ئه‌نقه‌ره لێدوانى ماكرۆن بۆ جێگيركردنى هێزى فه‌ره‌نسى له منبج ره‌تده‌كاته‌وه".
گوتيشى: "هه‌وڵه‌كانى ماكرۆن بۆ نێوه‌ندگيرى له نێوان هه‌سه‌ده و توركيا ره‌تده‌كه‌ينه‌وه".
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركيا بڵاويكردووه‌ته‌وه، كالن، ئه‌وه‌شى گوتووه: "پێويسته ئه‌و وڵاتانه‌ى وه‌ك دۆست له لايه‌ن توركياوه په‌سند كراوون، روانگه‌ى خۆيان بۆ تيرۆر بگۆڕن".
ئه‌م قسانه‌ى سه‌رۆكايه‌تى توركيا، دواى ئه‌وه دێت، كه سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ئيمانوێل ماكرۆن رايگه‌ياند، سوپاى وڵاته‌كه‌ى ره‌وانه‌ى منبج ده‌كات.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى (فرانس پرێس)، بڵاويكرده‌وه، سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا دوێنێ پێنجشه‌ممه پێشوازيكردووه له شاندێكى نوێنه‌رانى كورد و عه‌ره‌ب.
كۆشكى ئيليزێ له‌و باره‌يه‌وه، رايگه‌ياند، ماكرۆن پێشنيازى نێوه‌ندگيرى نێوان توركيا و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده)ى كردووه.
هه‌ر به گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكايه‌تى فه‌ره‌نسا، ماكرۆن، پشتيوانى وڵاته‌كه‌ى بۆ سه‌قامگيرى له باكوورى سووريا دووپاتكردووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى فه‌ره‌نسا دواى ئه‌وه دێت، كه سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى له 18ى ئازار/ مارسى 2018، دواى 58 رۆژ له به‌رگرى هێزه كوردييه‌كان، توانيان شارى عه‌فرين داگيربكه‌ن و به‌و هۆيه‌وه هه‌زاران هاووڵاتى ده‌ربه‌ده‌ر بوون و شاره‌كه‌ش رووبه‌ڕووى شه‌پۆلێكى تاڵانكارى و وێرانكردن بوويه‌وه.
هاوكات، شه‌وى رابردوو، دۆناڵد تره‌مپ، له وتارێكدا رايگه‌ياند، له سووريا ده‌كشێينه‌وه و با وڵاته‌كانى ديكه چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سووريا بكه‌ن.
ئ.ر