خه‌لیلزاد: پێویسته‌ واشنتن هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق سنووردار بكات

"دەیەوێت ده‌ستێوه‌ردان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات"

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مریكا له‌ عێراق رایدەگەیەنێت، پێویسته‌ واشنتن هه‌ژموونی تاران له‌ به‌غدا سنووردار بكات.

زه‌ڵمای خه‌لیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ گوتارێكدا له‌ رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مریكی نووسیویه‌تی: "پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێویسته‌ ئه‌مریكا رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێران بێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی له‌ وڵاته‌كه‌ فراوانتر بكات و ده‌ستێوه‌ردان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات".

هه‌روه‌ها ئه‌و دیپلۆماته‌ ئه‌مریكییه‌ ئاشكراشی ده‌كات: "ئێران ئێستا ده‌یه‌وێت خۆی له‌ كورد نزیك بكاته‌وه‌ تاوه‌كو كاریگه‌ری زیاتری له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، ئه‌و هه‌رێمه‌ی به‌ چه‌قی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ناسراوبوو".

پێشتریش دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: "واشنتن لە دەستوەرەدانەكانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عێراق نیگەرانە و تاران رێگرە لە كرانەوەی عێراق بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ و جیھان".

ھەر لەسەر ئەو پرسە رێبوار بابکەیی، پسپۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە كوردستان24 راگەیاندووە: "ئەمریكا دەیەوێت بە ئامرازی سیاسی لەرێگەی كاراكتەری ئایندە بۆسەر دەسەڵات لە عێراق دژایەتی ئێران بكات، لەبەرامبەردا ئێران دەیەوێت بە تەواوی ھەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێ".

لە لایەكی دیكە سەرچاوەیەکی سیاسی باڵای عێراق بە رۆژنامەى العربی لەندەنی راگەیاندووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا ئێران قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بۆ ئاساییکردنەوەی گرژییەکانی نێو ماڵی شیعەکان لەسەر سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق رەوانەی بەغدا کردووە".

سەرچاوەکە ئاشكرای كردووە: "سولەیمانی لە کۆبوونەوەكانیدا لە بەغدا کار بۆ رازیکردنی لایەنەکانی شیعەی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەکان پشتیوانی لە یەك کاندید بۆ سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بکەن".

ھ.م