ناوی سەدام لە شانازییەوە دەبێتە نەگبەتی
دوای 15 ساڵ لەناوچوونی ھێشتا ناوی سەدام كێشە بۆ خەڵك دروست دەكات

K24 - ھەولێر
هەرچەندە 15 بەسەر رووخانی رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووتری عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام پێناچێت هێشتا کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی دیکە لەناو چووبێت، رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی عێراقی بەهۆی ئەوەی ناویان سەدامە تووشی کێشە دەبن.
بەشێك لەو كەسانەی لە عێراق ناویان سەدامە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، هێشتا بەهۆی ناوەكەیان ژیانیان لە مەترسیدایە، بە هەزاران کەس لە عێراق سەردەمانێک ناویان لینرا سەدام، بەڵام ئێستا ناوەکەیان بووەتە نەگبەتی و کێشە بۆیان.
حسێن ھاووڵاتییەكی دانیشتووی بەغدا، كە کوڕەکەی سەدامە، ئەو باس لەوە دەکات باس لەوە دەكات لە سەرەتادا خەڵکی پێیانوابووە، سەدام دەبێتە خێر و خۆشی بۆ گەلانی عێراق.
سەدام حوسێن عەلەوی، دەڵێت: "باوکم کاتی خۆی ناوی لێناوم سەدام ئەوکاتە تازە سەدام حسێن، هاتبووە سەر حوکم و پێمان وابوو سەدام کەسێکی ئازایە و خۆشمان دەویست.
سەدام خۆی دان بەوەدا دەنێت کە هەندێك کەس بەهۆی ناوەکەیەوە رقیان لێیەتی، چونکە ژمارەیەکی زۆر کەس قوربانی دەستی رژێمەکەی حزبی بەعسن کە ئەویش لەلایەن کەسێکەوە رابەرایەتی دەکرا هەڵگری هەمان ناوی ئەو بووە.
ئەو دەڵێت: "دوژمنی زۆرم هەیە، چونکە ناوم سەدامە، کەسانێکی زۆر کە برایان لەسێدارە دراوە یان خزم و کەسیان کوژراوە یانیش قوربانی سەدامن کاتێك گوێیان لە ناوەکەم دەبێت بێزار دەبن هەندێك بە ئاشکرا پێم دەڵێن رقمان لێتە".
لە بازاڕەکانی عێراقدا کەلوپەلەکانی سەردەمی بەعس گرانبەهان و خەڵکی زیاتر بەدوای ئەو کاڵایانەدا دەگەڕێت کە وێنەی سەدامی لەسەرە ئەمە لە کاتێکدا هەندێك کەس کوژراون تەنها لەبەر ئەوەی ناویان سەدامە.
سەدام حسێن محەمەدی، یەكێكە رۆژنامەوانانی عێراق دەڵێ: "کاتێك دەچمە شارێکی دیکە یان شوێنێك کە نەمناسن زۆربەی جار ناوی راستەقینەی خۆم ناڵێم، چونکە دوای 2003 کەسانێکی زۆر تووشی کێشە بوون هەندێکیان بەھۆی ناوەكەیانەوە كوژراون".
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 150 کەس لە عێراقدا رەزامەندی وەزیری ناوخۆیان بۆ گۆڕینی ناوەکانیان وەرگرتووە چونکە ناویان سەدامە.
ھ.م