سه‌در داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كات رووبه‌ڕووی پێشڕه‌وییه‌كانی توركیا ببێته‌وه
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در: من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌و به‌زاندنه‌ی سنوور له‌لایه‌ن توركیاوه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كرابێت
K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له حكوومه‌تی عێراق كرد، رێگری له‌و پێشڕه‌ویانه‌ی سوپای توركیا بكات، كه له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات.
ئه‌م داواكاریه‌ی سه‌در له وه‌ڵامی پرسیارێكدا هاتوون، كه له‌باره‌ی به‌زاندنی سنووری عێراق له‌لایه‌ن توركیاوه ئاراسته‌ی كرا، به‌تایبه‌تیش له سنووری پارێزگای هه‌ولێر و جه‌ختی كرده‌وه، "من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌و به‌زاندنه‌ی سنوور له‌لایه‌ن توركیاوه، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كرابێت".
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه، هێزه‌كانی سوپای توركیا له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له ده‌ڤه‌ری برادۆست، كه ده‌كه‌وێته سێكوچكه‌ی نێوان باكوور، باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و، به خاڵی سنووری نێوان عێراق، ئێران و توركیا ناسراوه و، له چه‌ندین شوێن، 10 تا 15 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێم و، چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازییان له‌و ناوچانه جێگیركردووه و، به‌ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه به بنكه‌كانی باكووری كوردستانه‌وه به‌ستوویانه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا به به‌رده‌وامی ئه‌و ناوچانه بۆردومان ده‌كه‌ن و، به‌و هۆیه‌شه‌وه ترس و نیگه‌رانی له‌ناو خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه بڵاو بووه‌ته‌وه و، تائێستا چه‌ندین جار خه‌ڵكی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه.
H.B