نێچيرڤان بارزانى: هه‌موو ئاسانكاریه‌ك بۆ سه‌رمایه‌دارانی رووسيا ده‌كه‌ين
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازيكرد له مه‌كسیم مه‌كسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری
K24 – هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازيكرد له مه‌كسیم مه‌كسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری.
شانده‌كه پێكهاتبوو له، ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی گشتیی رووسیا له هه‌ولێر، مه‌ند ئه‌ندرێ سیلین راوێژكاری باڵیۆزخانه‌ی رووسیا، سێرگێ پترۆڤ سه‌رۆكی كۆمپانیای گازپرۆم نه‌فت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئۆلیگ بلیگن به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌ولێری گازپرۆم.
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكى ديداره‌كه، سايتى حكومه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌تا شاندی میوان پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان و حكوومه‌تی رووسیایان گه‌ياندووه‌ته سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆچی دوایى (دلۆڤان ئیدریس بارزانی)ـی برای سه‌رۆك وه‌زيران و دواتر باسیان له په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و مۆسكۆ كرد.
سايته‌كه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه، شاندى ميوان ئاماده‌ییی خۆیان بۆ بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا پیشان داوه، ده‌ستخۆشیشیان له پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كردووه.
سايتى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، لای خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م سه‌ردانه و پێشكه‌شكردنی پرسه و سه‌ره‌خۆشی، سوپاسی شاندی میوانى كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه، كه حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ رووسیا ده‌ده‌ن و ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا، هه‌موو ئاسانكاریه‌كیشی بۆ سه‌رمایه‌دارانی رووسی پیشان دا تاكو وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.