حكوومەتی عێراق: پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھەنگاوی باشی ناوە
"كاری لیژنە ھونەرییەكان لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دانووستانی ھەولێر و بەغدا بۆ پێكھێنانی لیژنەی ھاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەكان بەردەوامە و پرسی مووچەی فەرمانبەرانیش ھەنگاوی باشی ناوە.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە یەكێك لە ماڵپەڕی قودسی عەرەبی راگەیاندووە: "كاری لیژنە ھونەرییەكان لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و بەھاوبەشی بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەكان".
دەشڵێت: "كۆبوونەوەكان لەنێوان ھەردوولا بەردەوامن بۆ گەیشتن بە میكانیزمێكی ھاوبەش، لەبارەی خاڵە سنوورییەكان و نەوت".
دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، حەدیسی جەختدەكاتەوە: "لیژنەكان ھەنگاوی باشیان ناوە و وردبینیش بەردەوامە".
لەبارەی بوونی رێككەوتنێك بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك، حەدیسی ئەو ھەواڵانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت: "تا ئێستا ھیچ رێككەوتنێك لەوبارەوە نییە و تەنیا فەرماندەی ھێزە چەكدارەكان دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات".
ھ.م