یەكێتی ژمارەیەك بەرپرسی دیكە دوور دەخاتەوە

بە نووسراوی فەرمی ناوەكانیان بڵاودەكرێتەوە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی دوو نووسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە میدیای فەرمی ئەو حزبە بڵاویكردوەتەوە، یەكێتی بڕیاری دوور خستنەوەی ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی لە رێكخستنەكانیدا، میدیای ئەو حزبەش بە "ھەڵمەتی پاككردنەوەی ریزەكانی یەكێتی" ناوی دەبات.

لە یەكێك لە نووسراوەكانی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی ھاتووە: "بڕیارماندا بە دەركردنی ئەم سێ ناوەی خوارەوە لە ریزەكانی (ی.ن.ك) لەسەر ئەوەی كە دژی سیاسەتەكانی یەكێتی پەیوەندییان بە لایەنێكی ترەوە كردووە و كار بۆ لیستێكی دیكە دەكەن".

ئەو بەرپرسانەی یەكێتی دووری خستوونەتەوە بریتین لە:

 بەدیعە موسا عومەر، كارگێڕی مەڵبەندی 6 سۆران

بەكر شەریف، ئەندامی كۆمیتە لەسەر میلاكی مەڵبەندی 1 سلێمانی

ئارەزوو محەمەد ئەحمەد، ئەندام كۆمیتە لەسەر میلاكی مەڵبەندی 24 راپەڕین.

لە نووسراوێكی دیكەی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوەكراوە دوو كادیری دیكە لەسەر ھەمان بابەت لە ریزەكانی ئەو حزبە دوور دەخرێنەوە ئەوانیش بریتین لە:

خالید عەبدوڵڵا محەمەد (خالید حاجی وادی) كارگێڕی مەڵبەند لەسەر میلاكی مەكتەبی رێكخستن.

ئەدیبە عەبدولكەریم قادر، كارگێڕی مەڵبەند لەسەر میلاكی مەكتەبی رێكخستن.

پێشتریش كوردستان24 نووسراوێكی ھاوشێوەی بڵاوكردەوە كە یەكێتی 8 بەرپرسی دیكەی لە ریزەكانی دوورخستەوە، كە زۆربەیان پلەی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندیان ھەبوو.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، ژمارەیەك لەو كەسانە كاندیدن لەسەر لیستی ھاوپەیمانی كە لەلایەن بەرھەم ساڵح، رابەرایەتی دەكرێت.

سەبارەت بەو بابەتە مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، ھەموو ئەو كەسانە لە ریزەكانی یەكێتی دەردەكەن كە بۆ لیستەكەی بەرھەم ساڵح كاردەكەن و ماڵ و موڵكیشیان لێدەستێننەوە.

ھ.م