دەنگی كورد بۆ لیستێكی عەرەبی كۆدەكرێنەوە
بەشێك لە قەوارە عێراقییەكان بانگەشە دێننە كوردستان
K24 - سلێمانی
سەرباری ئەوەی بەپێی دەستوور و یاسا رێگەپێدراوە ھەموو قەوارەیەك لە تەواوی عێراق دەنگی ھاووڵاتیان کۆبکاتەوە، بەڵام تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق وایکردووە، ئەو دەنگ کۆکردنەوەیە بەلای لایەنە کوردییەکانی باشووری کوردستان ئاسایی نەبێت، چونکە بە درێژایی ساڵانی رابردوو لایەنە عێراقیەکان ھەوڵی چەوساندنەوەی کوردیانداوە، قەواریەکی عەرەبیش دەڵێت، گەر نەمانتوانی خزمەت بە کورد بکەین ئەوکات دەتوانن لێپرسینەوەمان لەگەڵ بکەن.
لەوبارەوە محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئاسایی نییە قەوارە عێراقییەكان لەناو شارەكانی كوردستان دەنگ كۆبكەنەوە، ئەوە لە ئەنجامی ئەو بێسەر و بەرییەیە كە لەناوچەكە روویداوە و دەبێ كورد و خەڵكە ھەژارەكە باجی بدات".
حەسهن بارام، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ئاسان نییە ئەو جۆرە لیستانە و بانگەشەكردنیان لە كوردستان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، لە رووی یاساییە و ناتوانین ھیچ بڵێین، بەڵام لە رووی بەرژەوەندییەوە، بردنی دەنگی كوردە بۆ ناو لیستێكی عەرەبی".
پێچەوانەی رای لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەندامێکی رەوتی حیکمە، کە عەمار حەکیم سەرکردایەتی حزبەکە دەکات، روونیدەکاتەوە کە ئەوان بۆ دژایەتی کورد لە ھەرێم دەنگ کۆناکەنەوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە پەرلەمان خزمەت بە ھاووڵاتیانی کوردستان بکەن.
شێخ عیسا بەرزنجی، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "لەسەر مافە رەوا دەستووری و یاساییەكانی گەلی كورد ھەموو قوربانییەك دەدەین و لێی پاشگەزنابینەوە".
ھەڵبژاردنی ئەمجارەی نوێنەران بە قۆناخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، چونکە لەلایەك قەوارەی نوێ بەشداری لە پرۆسەكە دەكەن، لەلایەکی دیکەشەوە لەناو کوردستان دەنگ بۆ قەوارەی عەرەبی کۆدەکرێتەوە، ئەوەش نیگەرانی بەشێك لە لایەن و ھاووڵاتیانی بە دوای خۆیدا ھێناوە.
ھ.م