هاووڵاتیانی عێراق متمانەیان بە هەڵبژاردنەکان نەماوە

"سیاسییەکان عێراقیان بەم رۆژە گەیاند"

K24 - بەغدا

هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێکرد و هاووڵاتیانی عێراق بێئومێدن لەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی گۆڕانکاری، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش بڕیاریانداوە بەشداری لە دەنگداندا نەکەن، چونکە وەك ئەوان دەڵێن، پاڵێوراوەکان هەمان ئەو کەسانەن کە عێراقیان بەو رۆژە گەیاندووە.

هاووڵاتیانی بەغدا سپێدەیەك بە ئاگا هاتن و بینیان شارەکە بە وێنەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەنراوە، بۆ بەغداییەکان هەڵبژاردنەکە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوانەی پێشتر، چونکە وەك هاووڵاتیان دەڵێن، هەرکێیەك ببێتە بەرپرس هەمان رەفتاری ئەوەی پێش خۆی ئەنجامدەدات.

ھاووڵاتیەكی دانیشتووی بەغدا رایگەیاند: "تائێستا کاندیدێکمان نەدیووە باش و راستگۆ بێت، دوای هەڵبژاردنیش هیچی باشی لێ چاوەڕوان ناکەین چونکە کاتێك دەبنە بەرپرس خۆیان و ئۆتۆمبێلە گولـلە نەبڕەکانیان لە باب ئەلشەرجی دەسووڕینەوە".

ھیچ کوچە و شەقامێکی بەغدا بێ پۆستەری هەڵبژاردن نەماوەتەوە، لیستەکان جیاوازن و بەڵێنەکانیش هەموویان جوانن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کاندیدەکان نەیانتوانیوە باوەڕ بە خەڵکی بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن.

لەوبارەوە ھاووڵاتییەكی بەغدا دەڵێ: "من خۆم ناچم بۆ دەنگدان چونکە چاوەڕوانی هیچ لە بەرپرسەکان و کاندیدەکان ناکەم ئەوان هیچ شتێکیان نەکردووە، وەك پێم گوتی ناچمە دەنگدان، بەڵام هیوادارم کەسێکی پاك ببێتە بەرپرس و براوەی هەڵبژاردنەکان بێت".

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1e4da583-902a-4570-a3a8-9299a5fd2b72/041518AMM.ism/manifest

12ی ئایاری ئەمساڵ عێراقییەکان بڕیارە لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە نوێنەرەکانی داهاتووی خۆیان دیاری بکەن، پێشبینییەکان لە بارەی رێژەی چاوەڕوانکراوی دەنگەکانەوە زۆرن، بەڵام ئەوەی جێگەی بێئومێدییە، سیستمی هەڵبژارنە، کە بووەتە هۆی ئەوەی عێراقییەکان هەمیشە لە چاوەڕوانی حکوومەتێکی شیعە مەزهەبدا بن.

ھ.م