لیستێك لە بازنەی سلێمانی ھەموو كاندیدەكانی ژنن

"بڕیارماندا ھەموو كاندیدەكانمان ژن بن"

K24 - سلێمانی

لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رێژەی ژنان بۆ چوونە دەبێت لە 25% بێت، بە بەراورد لە خولەکانی پێشووتر رێژەی بەشداری ژنان زیادیکردووە و لە لیستی کاندیدەکانی لایەن و قەوارە سیاسییەکاندا زۆرینەیان سەرۆکی لیستەکانیان ژنن و هه‌روه‌ها حزبی شیوعی کوردستانیش سەرجەم کاندیدەکانی لە بازنەی سلیمانی ژنن.

لەو بارەوە شلێر عەبدولمەجید، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستا بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك حزبی شیوعی ھەموو كات باوەڕمان بە تواناكانی ژنان ھەبووە، پێمانوابووە ئافرەتان دەتوانن ئەو رۆڵە گرنگە ببین لە ناوەندەكانی بڕیاردان، بۆیە بە كۆی دەنگی كۆمیتەی ناوەندی حزبمان بڕیارماندا لیستی بازنەی سلێمانی سەرجەم كاندیدەكانی ئافرەت بن، تا رێژەی بەشداری ژنان لە ناوەندەكانی بڕیار زیاد بكەین".

لە روانگەی بیروبۆچوونی حزبی شیوعی، بارودۆخی ئیستای ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی بۆ ژنان تارادەیە ناجیگیرە، بەو پێیەی تا ئێستا مافەکانی ژنان دەسەبەر نەکراوە، ژنان خۆیان دەتوانن ھەنگاوی باش بنێن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و  تیکۆشانی زیاتر لەناو پەرلەمانی عیراقدا.

ئەبو کاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت: "بڕیارمانداوە لیستەكەمان لە بازنەی سلێمانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی ھاوڕێیانی ئافرەت لە بەغدا بە توانای خۆیانەوە بەرگری لە مافەكانیان بكەن و دژی ئەو یاسا كۆنانە بوەستنەوە كە دژی بەرژەوەندییەكان و مافی ئافرەتانە".

لە ھەرێمی کوردستان 25 قەوارە کە بریتین لە 19 لایەنی سیاسیی و 4 ھاوپەیمانی و دوو کاندیدی تاك بەشداریان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە. ئەو لیست و قەوارانە  503 کەسیان کاندید کردووە، کە لەوانە 146 کاندیدیان ژنن، بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی عێراق دەبێت 25% بێت.

ھ.م