رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ ده‌ستپێده‌كات
شه‌ڕی داهاتووی نێوان ئێران و ئیسرائیل ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕێت

K24 - هه‌ولێر:
ململانێ شاراوه‌كه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئێستا به ئاشكرا و به‌كراوه‌یی له‌سه‌ر خاكی سووریا ده‌بینرێت و هه‌ر دوو وڵات مانگی شوباتی رابردوو راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌وه و ئه‌وه‌ش پێشڤه‌چوونێكی بێ پێشینه بووه وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی(The times) بریتانی پێشبینی كردووه.
له شیكردنه‌وه‌یه‌كدا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه 21/4/2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت "هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی داهاتووی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕێت. رۆجه‌ر بۆیس نووسه‌ری بابه‌ته‌كه پێیوایه، ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل به‌نهێنی نه‌ماوه‌ته‌وه‌و كه‌سیش نازانێت ململانێی نێوان ئه‌وانه‌ی به "شۆڕهسوارهكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" ناوده‌برێن كه‌ی كۆتایی دێت".
به‌رده‌وامی جه‌نگی سووریا له ساڵی 2011 تا ئێستا، ماوه‌یه‌كی درێژتره له جه‌نگی دووه‌می جیهانی، چونكه له ساڵی 1939 تا 1945 دریژهیكێشا، به بۆچوونی بۆیس، هێشتا جه‌نگی سووریا كڵپه‌كه‌ی دانهمركاوهتهوهو ململانێیه‌كی ناسرووشتییه له سرووشتی جه‌نگی نوێ‌دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "له‌م جه‌نگه‌دا 150 جۆر سیستمی چه‌كی رووسی تاقیكراوه‌ته‌وه و ته‌كتیكه‌كانی جه‌نگی سه‌ده‌ی بیسته‌م گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌و وڵاته. له بۆمبابارانی چڕه‌وه بۆ "به‌ڕه بۆمب" تا ده‌گاته گازی كلۆر له جه‌نگه‌كه‌دا به‌كارهێنراوه".
به‌گوێره‌ی بابه‌ته‌كه، جه‌نگی ماوه‌درێژی له‌و جۆره كه له سووریا رووده‌دات، دواجار به جه‌نگی رووبه‌ڕووی لایه‌نه به‌تواناكان كۆتایی دێت.
بۆیس ده‌ڵێت: "له‌و ماوه‌یه‌دا نمایشی هێزی واشنتن و مۆسكۆمان به‌رامبه‌ر یه‌كتری نه‌بینێ، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ نیازی خۆی بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له سووریا نه‌شاردووه‌ته‌وه. بۆیه پێموایه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه له‌نێوان ئێران كه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ پاڵپشتی له مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات ده‌كات و ئیسرائیلدایه كه په‌لهاوێشتنی ئێران له سووریا و بۆ نزیك سنووره‌كانی به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر بوونی خۆی ده‌بینێت".
كاتی چپه چپ به‌سه‌رچوو
به‌گوێره‌ی بابه‌ته‌كه‌ی تایمزی بریتانی، رووداوه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران له سووریا، جگه له خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئێرانی له‌سه‌ر خاكی ئیسرائیل و بۆردوومانكردنی بنكه‌كانی ئێران له مانگی شوباتی رابردوو و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرای ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنكه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ئێران. بۆردوومانی ژماره‌یه‌ك كاروانی چه‌كی ئێرانیش هه‌بووه، به‌ڵام رانه‌گه‌یه‌نراوه.
جگه له‌وه‌یش چاندنی ڤایرۆس له سیستمی كۆمپیوته‌ری پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران و ئۆپراسیۆنی كوشتنی زانایانی بواری ناوكی، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی په‌رده له سه‌ر جه‌نگی سووریا هه‌ڵماڵراوه، ئێستا جه‌نگه‌كه ئاشكرا و ناسراو بووه.
برۆنو ماكایس، نووسه‌ر و توێژه‌ری پرتوگالی كه شاره‌زایه له بواری جوگرافیا باسی ئاهه‌نگ و خۆشی ده‌ربڕینی جه‌نه‌راڵێكی چینی بۆ نووسه‌ری راپۆرته‌كه‌ی تایمزی بریتانی كردووه كه گوتبووی: "ده‌ستوه‌ردانی رووسیا له ئۆكرانیا ساڵی 2014، 10 ساڵی دیكه ده‌رفه‌تی بۆ چین ره‌خساند تا خۆی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه گه‌ردوونییه‌كه‌ی نێوانی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئاماده بكات، چونكه رووسیا بوو به دوژمنی ژماره یه‌كی ئه‌مریكا و چین ده‌توانێت تا ماوه‌یه‌كی درێژتر به ئاسووده‌یی هه‌ناسه ده‌دات".
بۆیه شتێكی هاوشێوه له سووریا ده‌گوزه‌رێت تا كاتێكی زیاتر به ئیسرائیل بدرێت و سه‌رنج بخرێته سه‌ر ئه‌سه‌د، پاشان له ساتێك‌دا ئیسرائیل جه‌نگه شاراوه‌كه‌ی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران بگۆڕێت.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، ئه‌و چپه چپه ئیتر كۆتاییهات، ئێران و ئیسرائیل راسته‌وخۆ كه‌وتوونه‌ته به‌رامبه‌ر یه‌كتری بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه چۆن به‌ڕێوه ده‌برێت، به‌ڵام كه‌سه دیاره‌كانی ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه هه‌ر یه‌كه له بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل و قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئیرانن"
سووریا ده‌ته‌قێته‌وه
به‌گوێره‌ی بابه‌ته‌كه، بۆردوومانی بنكه سه‌ربازییه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د له رۆژی 14/4/2018 له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و بریتانیاوه، یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی ره‌وشی سووریایه له ماوه‌ی 7 ساڵی رابردوودا. له‌وباره‌یه‌وه تۆماس فریدمان نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی له رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز نوسیوویه‌تی "سووریا ده‌ته‌قێته‌وه".
فریدمان ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره ئه‌وه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ده‌یه‌وێت سووریا بكاته بنكه‌یه‌كی ئاسمانی پێشه‌وه دژی ئیسرائیل ئیتر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ماڵرێت، چونكه ئیسرائیل به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌نادات ئه‌وه‌ی ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌نجام بدرێت".
نووسه‌ره‌كه‌ی نیویۆرك تایمز گوتوویه‌تی "ته‌قینه‌وه‌ی ره‌وشی سووریا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئێران ته‌نها بۆچوون و لێكدانه‌وه نییه و له رێگه‌ی بریكارهكانیشهوه نییه، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای سه‌ربازی ئیسرائیلی گوتوویه‌تی: "سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێیه، چونكه یه‌كه‌مجاره ببینین ئێران كارێك راسته‌وخۆ ده‌كات و په‌نای بۆ بریكاره‌كانی نه‌بردووه".
فریدمان پێشبینی ده‌كات، ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئێران بچێته قۆناغێكی دیكه‌وه، ئه‌وكاته ئه‌مریكا و رووسیا رووبه‌ڕووی سه‌ختی ده‌بنه‌وه‌و ناتوانن خۆیان له تێوه‌گلانی دووربخه‌نه‌وه".
سه‌رچاوه باڵا سه‌ربازییه‌كه گوتوویه‌تی: "جگه له‌وه‌یش، یه‌كه‌مینجاره ئیسرائیل راسته‌وخۆ ھێرش بكاته سه‌ر بنكه‌كانی ئێران".
فریدمان ده‌ڵێت "ئێرانییه‌كان به ئاشكرا زیانه زۆره‌كانیان له رێگه‌ی ئاژانسی هه‌واڵی نیمچه فه‌رمی فارس بڵاوكرده‌وه كه به‌هۆی بۆردوومانه‌كانی ئیسرائیل به‌ریان كه‌وتووه، له كاتێكدا زیانه‌كانی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی نێوانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌شارده‌وه یان كه‌مده‌كرده‌وه، ئێستاش به ئاشكرا به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌ده‌ن".
فریدمان له كۆتاییدا ده‌لێت: "قاسم سوله‌یمانی ناگه‌ڕێته دواوه، ئیمه‌ش له سه‌روبه‌ندی بینینی هێزێكداین كه ناتوانرێت به‌ری پێبگیرێت (فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی) رووبه‌ڕووی ئیسرائیل ده‌بێته‌وه كه ناتوانرێت سه‌قامگیریی بشێوێنرێت".