كاندیدێكی یەكێتی: لە كەركووك ھەوڵی سڕینەوەمان دەدرێت
ھەڵبژاردنی كەركووك ترسی خستووەتە نێو لایەنە كوردستانییەكان
K24 - كەركووك
هێزە سیاسییەکان لەکەرکووك، که بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە دەڵێن، دەنگدان چارەنووسی شارەكە یەکلایی دەکاتەوە، لایەنە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنە بەڵێنی ئەوە بە خەڵکی دەدەن کە کار بۆ گەڕانەوەی کەركووك بکەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئێستا لە رووی دانیشتوانەوە کورد زۆرینەی شارەکە پێکدەهێنێ، سیاسییەکان مەترسیان هەیە پێگەی کورد لاوازبێت و دەنگەکانیان کەم بێتەوە، لە بەرامبەردا دەنگی پێکهاتەکانی دیکە زیادبکات.
حەسیبە عەبدوڵڵا، کاندیدی یەکێتی لەکەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ ئەو واقیعە تاڵە بگۆڕین، ئەمەش تەنھا بە دەنگدان دەگۆڕێت، ئەوە دەبینین نەیارەكانمان لە نەتەوەكانی عەرەب و توركمان دەیانەوێت لە شارەكە بمانسڕنەوە".
هێشتا لای بەشێك لەهێزە سیاسییەکان گرتنەبەری رێگەی بەغدا بە چارەسەری دۆخی کەرکووکە دەزانن، بەڵام بەو مەرجەی کە پێکهاتەی کورد لەم هەڵبژاردنە نەبێت بە کەمینە، ئەمە ترسی زۆربەی لایەنە کوردییەکانە لەوشارە.
میقداد فەیزوڵڵا، کاندیدی سەربەخۆ، سەرۆکی رەوتی کەرکووك بۆ کەرکووکییەکان دەڵێت: "ئەگەر كورد لەم ھەڵبژاردنە لە كەركووك شكست بێنێ، دەبێ بەڵگەیەك بە دەست نەیارەكانی و لە دژی بەكاردەھێندرێتەوە، رەنگە دواتر وەك سەرژمێری ھەژماری بكەن و بڵێن كورد كەمینەیە".
لە کەرکووك زیاتر له 300 کاندید کێبڕکێ لەسەر بە دەست هێنانی 12 كورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کورد بەشەش لیست و هاوپەیمانیەوە بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا کردووە، رەنگه هیچ کاتێك وەکو ئێستا نەتەوەی کورد هەستی بە لاوازی نەکردبێت لەو شارە، بۆیە هەموو لایەنەکان ترسیان لە پێگەی خۆیان هەیە.
ھ.م