ژماره‌یه‌ك كاندیدی په‌رله‌مانی عێراق په‌نا بۆ داعش ده‌به‌ن
پێشبڕكێی كڕینه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدانی داعشه‌كان له‌نێوان كاندیده‌كان ده‌ستیپێكرد
K24 - هه‌ولێر:
كاندیدێكی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت: "بۆ كڕینه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدانی ئه‌ندامانی داعش له‌نێوان ژماره‌یه‌ك له كاندیده‌كاندا پێشبڕكێ ده‌ستپێكردووه".
فارووق جبووری، كاندیدی پارێزگای نه‌ینه‌وا و باكووری به‌غدا له هاوپه‌یمانێتی نیشتمانی روونیكردووه‌ته‌وه، ژماره‌یه‌ك له كاندیده‌كان پێشبڕكێیانه بۆ ئه‌وه‌ی به نێوه‌ندگیری كه‌سانێك كارتی ده‌نگدانی ئه‌ندامانی داعش له پارێزگای نه‌ینه‌وا بكڕنه‌وه‌و هه‌ر كارتێك به بڕی 50 هه‌زار دیناری عێراقی له كه‌سوكاره‌كانیان ده‌كڕنه‌وه".
جبووری به ئاژانسی سپوتنیكی رووسی گوتووه: "ئه‌گه‌ر سه‌رۆك خێزانێك كه‌سێكی له‌ناو داعش بێت و له پارێزگاكه ناسراو و ناودار بێت و له ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه‌دا كوڕه‌كه‌ی كوژرا بێت، یان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌ستگیر كرابێت، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كارتی هه‌ڵبژاردنی خۆی هه‌بێت یان بۆی وه‌ربگرنه‌وه. به‌ڵام چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك له پێشبڕكێدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كارتانه كۆبكه‌نه‌وه‌و به پاره بیكڕنهوهو رۆژی هه‌ڵبژردن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریبهێنن".
ئه‌و كاندیده ده‌رباره‌ی كه‌شوهه‌وای بانگه‌شه و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردن له پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌ڵێت: "له‌وێ ململانێكان زۆر به‌ھێز و به‌جۆشن و ده‌نگده‌ران به گه‌رمییه‌وه ده‌چن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتی هه‌ڵبژاردن كه له‌لایه‌ن كۆمیسیۆن نوێكراوه‌ته‌وه".
بڕیاره رۆژی 12/5/2018 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت