داوا دەكرێت پرسە نیشتمانییەکان تێکەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن نەكرێن
"بەرنامەیان نییە بۆ ئایندە لە بەغدا چی بۆ كورد دەكەن"
K24 - ھەولێر
پرسە نیشتمانییەکان لەلایەن هەندێك لایەن و کاندیدەكانەوە تێکەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت و کاندیدێکی یەکگرتووی ئیسلامیش رایدەگەیەنێت، ئەوانەی ئێستا دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم قسە دەکەن هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ هەڵبژاردن. هاوکات کاندیدێکی پارتیش دەڵێت، نابێت پرسە نیشتیمانییەکان تێکەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە بەشێك لەسەرکردەی حزبەکان لە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەنگیان بە بەڵی داو لە بانگەشەی هەڵبژاردن پاشگەز بوونەتەوە.
عەلی محەمەد، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ھەولێرە، رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە بەڵێ دەنگی به سەربەخۆیی کوردستان داوە، سەرەڕای قەیرانی سیاسی و ئابووریی و هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان، لە دەنگدانی بە بەڵێ پەشیمان نییە و دەڵێت: "نابێ حزبەکان ئەم دەستکەوتە نەتەوەییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنن، ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان تاوان نەبوو، ئەگەر رێگرییەكان نەبونایە ئەوان ئێستا لە دژی قسە دەكەن، ریفراندۆمیان دەكردە دەستكەوتی خۆیان".
حاجی کاروان، کاندیدی یەکگرتوو بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا ئێمە كارتێكمان بەدەستەوەیە، بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە نەتەوەیەكین تامەزرۆی سەربەخۆیین، ئەو پەیامەمان بە حكوومەتی عێراق و ھەموو جیھان گەیاند، ئەوانەی ئێستا ئەو كەیسە بۆ ھەڵبژاردن بەكاربێنن، ئەوا كەرەستەی بانگەشەی ھەڵبژاردنیان نییە و بەرنامەیان نییە بۆ ئایندە لە بەغدا چی بۆ كورد دەكەن".
پارتی خۆی بە یەکێك لە سەرسەخترین ئەو لایەنانە دادەنێت بۆ سهرخستنی ریفراندۆم و پرۆسهكهش بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەزانێت، کاندیدێكی ئەو حزبەش دەڵێت با پرسە نیشتیمانییەکان تێکەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن نەکرێن.
ئاورنگ شێخ عەلی بەرزنجی، بە كوردستان24 گوت: "مەعقول نییە 93% خەڵكی كوردستان دەنگ بە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بدات، كە ئاواتی لەمێژینەی گەلی كوردە، ئێستا بكرێتە موزایەدەی سیاسی و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەكاری بێنن".
ھ.م