بەرپرسێكی گۆڕان: بەرھەم ساڵح زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی یەكێتی دەبات

"یەكێتی ناتوانێ پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێتەوە"

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرھەم ساڵح، رابەرایەتی دەكات، زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی یەكێتی دەبات و یەكێتی ناتوانێ دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە دەست بێنێت.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24 راگەیاند: "لیست و قەوارە نوێیەكانی كوردستان كاریگەریان لەسەر دەنگەكانی گۆڕان نابێت لە ھەڵبژاردنەكان، بە گوێرەی پێشبینیەكان ئێمە لەپێشەوەی ھەموو لیستەكانی كوردستان دەبین".

گوتیشی: "قەوارەكە دكتۆر بەرھەم، زەبرێكی كوشندەی لە یەكێتی داوە و زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی یەكێتی دەبات و ناتوانێ جارێكی دیكە دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە دەست بێنێ".

لەبارەی كۆتایی نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی ھاتنی رێككەوتن نامەی گۆڕان و یەكێتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی گوتی: "ئەگەر بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت، ئەوا یەکێتی بەهیچ شێوەیەك جارێکی دیکە ناتوانێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی بگرێتەوە دەست، چونکە دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەدەست ناهێنێت".

خەلیل سەرکانی، ئاماژەی بەوەشدا: "یەکێتی هۆکاری هەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکەی بوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان".

ھ.م