عەبادی پێكھاتەكانی کەرکووك توڕە دەكات

"بڕیار نییە ھیچ لایەن بەرپرسێكی كورد بەشداری رێوڕەسمەكە بكەن"

K24 - كەركووك

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی نه‌سر گەیشتە  شاری كه‌ركووك و لە دەستپێكی سەردانەكەشدا تەنھا لەگەڵ پێكھاتەی عەرەب كۆبووەوە، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی بەشێك لە پێكھاتەی توركمان لە شارەكە.

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی لیستی نەسر گەیشتە شاری كەركووك و لە ھەنگاوی یەكەمی سەردانەكەیدا عەرەبەكانی شارەكەی لە دەوری خۆی كۆكردەوە، ئەمەش بووە ھۆی نیگەرانی بەشێك لە پێكھاتەی توركمانی لە كەركووك و رەخنەیان لە سەردانەكەی گرت".

گوتیشی: "لەگەڵ گەیشتنی عەبادی بۆ كه‌ركووك، هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر و پۆلیسی فیدڕاڵی بڵاوەییان پێكراوە و رێوشوێنی ئەمنی تووندیان لە شارەكە گرتووەتەبەر".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "مەبەستی سەردانی عه‌بادی بۆ كەركووك، بانگه‌شه‌ كردنە بۆ لیسته‌كه‌ی و بڕیاریشە لە كەركووكیش وەك شارەكانی دیكە رێوڕەسمێك بۆ ناساندنی كاندیدەكانی لیستەكەی عەبادی بەڕێوەبچێت، هه‌روه‌ها سه‌ردانی حه‌ویجه‌ش ده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌وێش ده‌نگ كۆبكاته‌وه‌".

ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئێستا ھیچ لایەن و بەرپرسێكی كورد لە كەركووك بڕیاریان نەداوە كە بەشداری لە رێوڕەسمی لیستەكەی عەبادی بكەن، تەنانەت بەشێك لە ھاووڵاتیانی كورد لە كەركووك بێ ئاگان لە ھاتنی عەبادی بۆ شارەكەیان".

ھ.م