تای ھەڵبژاردن ئێسكەكان دەشكێنێ
"مادام دوای ھەڵبژاردنەكان لەگەڵ یەكتر كۆدەبینەوە پێویست بەو جۆرە بانگەشە ناكات"
K24 - سلێمانی
بە مەبەستی رەخساندنی کەشێکی ئارام لەو کاتە کەمەی ماوە بۆ ھەڵبژاردنەکان، نوێنەرانی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە و ھەموویان کۆكبوون لەسەر ئەوەی پێویستە بانگەشەکان لە چوارچێوەی بڕیارەکان دەرنەچێت و نەبێتە مایەی یەکتر شکاندن و ھێرشکردنە سەر یەکتر.
رۆژ بە رۆژ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نزیك دەبێتەوە، ململانێی لایەنەكانیش توندتر بووەتەوە و بەشێك لە بانگەشەكانیان كاریگەریكردووەتە سەر دەروونی ھاووڵاتییان. لەسەر ئەم مێزێك ھەموو رەنگ و دەنگەکان کۆبوونەتەوە تا پێکەوە بانگەشەیەکی ئارام بکەن، زۆرینەی بەشداربووانی ناو ھۆڵەكە کۆکبوون لەوەی بەرکەوتنەکان لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەرکەوتنی ئاساین، بەڵام بەو شێوەیە نەبێت کە تای ھەڵبژاردنەکە کاریگەربێت لەسەر ئیسك شکاندنی بەرامبەرەکان.
دانا محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان بەجۆرێك بێت، كە لێكترازانی نەتەوەیی لێ نەكەوێتەوە، بە پێچەوانەوە ھەڵبژاردن بۆ ئەوە بێت كە شەقامی كوردی كۆبكاتەوە".
ھەر سەبارەت بەو پرسە نەجات رۆستی، کادری یەکێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: "دوای ھەڵبژاردن ھەموومان لە یەك گیانێكداین، بۆیە ھیوادارین لەكاتی بانگەشەكردن ئاشتی كۆمەڵایەتی بەرقراربێت و نەبێتە ھۆی بێزاركردنی خەڵك".
سەرباری ئەوەی ھەموو لایەنەکان لەپێناو ھەنگاونان بۆ بەشداریکردن لە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتیدا بانگەشەکانیان توندکردووەتەوە، بەشێك لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان پێیانوایە، مادام دوای ھەڵبژاردن ھەمووان پێکەوە کۆدەبنەوە و پێویست بەم جۆرە بانگەشەیە ناکات.
فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "تا رادەیەك پەتای ھەڵبژاردن ھەیە، بەڵام تا بتوانین دەبێ ھێمنی و ئارامی بپارێزین، ھەموو لایەك گوزارشت لەسەر بەرنامەكەی خۆی بكات بێ تەشھیركردن و ناوزڕاندنی لایەنی بەرامبەر".
ھ.م