ئەوانەی تۆمەت بۆ پێشمەرگە هەڵبەستن دەدرێنە دادگا
وەزارەتی پێشمەرگە: بێدەنگ نابین
K24 - ھەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە هەموو ئەو كەس و لایەنانە کە تۆمەت بۆ هێزی پێشمەرگە هەڵدەبەستن دەیان داتە دادگا. فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکەش لەم هەفتەیەدا کاری لەسەر کۆمەڵێك دۆسیە لەبارەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتیان بۆ هێزی پێشمەرگە هەڵبەستووە کردووە. بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاریش لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، چیتر وەزارەتەکەیان بەرامبەر بەو تۆمەتانەی کە دەخرێنە پاڵ هێزی پێشمەرگە بێدەنگ نابن.
ھەڵگورد حیکمەت، بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەر كەسێك پەنجەی تۆمەت بۆ پێشمەرگە درێژبكات بەشێوەی یاسای مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین".
گوتیشی: "جیاوازی ھەیە لەنێوان ئەوەی كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی قسە لەسەر پێشمەرگە بكات یان كەسایەتییەكی سیاسی كوردستان لە بەغدا نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات".
لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت پێشگیری لەو کەسانە بکرێت، کە بە خراپ ناوی پێشمەرگە دەبەن، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێ، بە پێی دەستوور پێشمەرگە ھێزێکە سەر بە سیستمی بەرگری عێراقیە، لە ھەمانکاتیشدا ھێزێکی رێکخراوە و لە لایەن ئەمریکا و زلھێزەکان دانی پێداندراوە، بۆیە ناکرێ و درۆیەکی شاخدارە پێشمەرگە بە کاولکاری تاوانبار ناوببرێت.
شیلان شێخ جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "وەك لیژنەی پێشمەرگە و شەھیدان لە پەرلەمانی كوردستان، قبووڵ ناكەین ھیچ كەسێك ناوی پێشمەرگە لەكەردار بكات، داوا لە داواكاری گشتی دەكەین ھەركەسێك لەژێر ھەر ناو و ناونیشانێك بیەوێت ناوی ھێزی پێشمەرگە لەكەدار بكات سزای بدات".
لە ماوەی شەری داعش چەندین جار پێشمەرگە لەلایەن ھەندێك رێکخراوی نێودەوڵەتی بە کاولکردنی گوندی عەرەبەکان تۆمەبار دەکرا و بەردەوام لە لایەن سەرۆك بارزانی، وەکو فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم وەڵامدەدرایەوە، کە ئەو کاولکاریە ئەگەر ھەشبووبێت، لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە و مێژووی پێشمەرگە رێگەی پێنادات رەفتاری لەمجۆرە بکات.
ھ.م