ئیسرائیل ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندنی جه‌نگ ده‌داته دوو كه‌س
به‌رپرسێكی باڵای ئیسرائیل: دۆخه‌كه روو له گرژییه و واده‌خوازێت
K24 - هه‌ولێر:
كنێستی ئيسرائيل یاسه‌یه‌كی نوێی په‌سه‌ند كرد و تێیدا ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته ده‌ست دوو به‌رپرسی باڵا تا به‌یه‌كه‌وه و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌زیره‌كانی دیكه، بڕیاری راگه‌یاندنی جه‌نگ بده‌ن، ئه‌وانیش سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگرییه.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كنێست (په‌رله‌مانی ئیسرائیل) له‌كاتێكدایه، گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له ناوچه‌كه روو له‌زیادبوونن، به‌تایبه‌تیش له نێوان ئیسرائیل و ئێران له سووریا، كه ماوه ماوه پێگهكانییان ده‌كاته ئامانج و بنكه‌كانییان بۆردومان ده‌كات.
به گوێره‌ی یاسا نوێیه‌كه، "له بارودۆخه تونده‌كان"، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگری، ده‌توانن حكوومه‌تی ئه‌منی بچووككراوه پێكبهێنن و تێیدا ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندنی جه‌نگیشیان هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات بگه‌ڕێنه‌وه بۆ را و بڕیاری كه‌س و لایه‌نی سێیه‌م.
به گوێره‌ی پرۆژه یاسا نوێیه‌كه، كه له‌لایه‌ن ئایهلیت شاگید، وه‌زیری داده‌وه پێشكه‌ش كراوه، یاسای بنه‌ڕه‌تی پێشووی هه‌مواركراوه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كان خراوه‌ته ده‌ستی دوو كه‌س.
به گوێره‌ی یاسای پێشوو، بڕیاری راگه‌یاندنی جه‌نگی له ده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا بووه و ده‌بوایه زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی به‌شدار بن، كابینه‌ی بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، له 22 وه‌زیر پێكهاتووه، حكوومه‌تی ئه‌منی بچووكراوهش له 11 ئه‌ندام پێكده‌هێنرا، به‌ڵام ئێستا حكوومه‌تی ئه‌منی بچووكراوه، ته‌نها سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگری پێكی ده‌هێنن.
وه‌زیری داد هۆكاری پێشكه‌شكردنی پرۆژه یاساكه‌ی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، بارودۆخی ئێستا وایكردووه پێكهێنانی حكوومه‌تی ئه‌منی بچووكراوه، ته‌نها له ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگریدا كاراتربێت.
لاى خۆیه‌وه ئه‌ڤیگدۆر لیبه‌رمان، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له ئێران كرد له ئه‌گه‌ری جێگیركردنی میلشیاكانی له‌ناو خاكی سووریا، ئه‌وه‌ش دوای نۆیه‌مین بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل دێت كه له‌ناو خاكی سووریا له دژی ئێران ئه‌نجام بدات.
له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری رابردوو، ئاستی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل رووی له‌زیادبوون كرد، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئێرانی، سنووری ئاسمانی ئیسرائیلی به‌زاند، دواتریش یه‌كه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی نێوانیان له‌ناو خاكی سووریا ده‌ستیپێكرد.
رۆژی 9ی نیسان/ ئه‌پریلی رابردوو، دیمه‌شق ئیسرائیلی به هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌یه‌كی ئاسمانی سه‌ربازی له ناوه‌ڕاستی سووریا تۆمه‌تبار كرد، كه تێیدا 14 چه‌كداری سه‌ر به رژێمی ئه‌سه‌د كوژران و چه‌ند چه‌كدارێكی ئێرانیش له ریزی كوژراواندا بوون.
شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووش، به‌هۆی مووشه‌كبارانكردنی دوو بنكه‌ی سه‌ربازی له باكووری وڵات، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، 26 چه‌كداری ئێرانی كوژران, هه‌رچه‌نده ئیسرائیل به‌رپرسیارێتی ئه‌نجامی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه تۆمه‌تبار كراوه.
هه‌رچه‌نده سووریا و ئیسرائیل به فه‌رمی له جه‌نگدان، به‌ڵام ئاگربه‌ستی به‌رزاییه‌كانی جۆلان وه‌كو خۆی به درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو ماوه‌ته‌وه، تا هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆی سووریا له 2011.
ا. م