لە كەركووك ململانێی لایەنەكان توندتر دەبێت

"بەھۆی ھەستی نەتەوەییمان ناچارین بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەین"

K24 - كەركووك

به‌ گوێره‌ی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووك، تاکو ئێستا 67% هاووڵاتیان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووە، بەشێکی خەڵك ئامادەنین بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، بەڵام بەشێکی دیکەی هاووڵاتیان دەڵێن، ئەگەر ئێمه دەنگ نەدەین کورسییەکانی کەرکووك پێکهاتەکانی دیکە دەیبه‌ن، هەڵوێست و لێدوانە توندەکانی کاندیدەکانی عەرەب و تورکمان دژی کورد، وایکردووە بەشێکی هاووڵاتیانی كورد بەشداری دەنگدان بکەن.

کات نزیك دەبێتەوە لە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ململانێی نێوان لایەنەکان زیاتر دەبێت، بەتایبەت ململانی نێوان پێکهاتەکان. بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆرترین لێدوانی توند لەلایەنی عەرەبی و تورکمانەوە دژی کورد دراوە، بەتایبەت ئەو لێدوانانەی باس لە سڕینەوەی کورد دەکەن لەكەركووك. ئەمەش کاریگەری لەسەر بەشداریکردنی رێژەی پێکهاتەی کورد کردووە لە هەڵبژاردنەکاندا.

ھاووڵاتییەكی كەركووك بەناوی بەرزان محەمەد، بە كوردستان24 گوت: "لەسەرەتاوە ھەڵبژاردنمان وەلانابوو، بڕیارماندابوو بەشداری نەكەین، بەڵام بەھۆی ھەستی نەتەوەییمان ناچارین بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەین و بوونی خۆمان لە كەركووك بسەلمێنین".

ھەروەھا هەردی سەید حوسێن، ھاووڵاتییەكی دیكەی كەركووكە و دەڵێت: "چونكە نەتەوەی دیكە لە كەركووك ھەن، ئەگەر كورد بەشداری ھەڵبژاردنەكان نەكات زەرەرێكی گەورە دەكات، لەبەر ئەوە لەسەر بنەمای كورسی رێژەی نەتەوەكان لە كەركووك دیار دەكرێت".

کاندیدە کوردەکان لەبانگەشەکانیان دەستیان بۆ ئەو کارتە بردووە و وەکو مەترسیەکی قسەو لێدوانی عەرەب و تورکمانەکان بەگوێ خەڵکیدا دەدنەوە، بەڵام ترسی گەورەی ئەوان لەوەیە کە رێژەی دەنگی پێکهاتەکان بکرێتە بنەمایەك بۆ سەرژمێری و گۆڕانکاری ئیداری.

بێستون زەنگنە، کاندیدی یەکێتی لە کەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "رێژەی دەنگدان لە كەركووك دەكرێتە بنەما، ئەگەر كورد دەنگی زیاتر بێنێ ئەوا جڵەوی دەسەڵاتی بە دەستەوە دەبێت، راستە ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بەڵام ئەگەر دەنگی زۆرینەی كەركووك كورد بێت، ئەوا سەنگی خۆی لە بەغدا دەبێت و جارێكی دیكە ئەوە دەسەلمێنێ كە كەركووك شارێكی كوردستانییە".

12 کورسی پەرلەمانی عێراق بۆ کەرکووك دانراوە لەم هەڵبژاردنە، ململانێکان زیاتر لەنێوان نەتەوەکانە بۆ بە دەست هێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەکان هەموویان دەڵێن، هەڵبژاردنی ئەمجارە رێژەی دەنگی پێکهاتەکان دەگۆڕێت.

ھ.م