ھەرێمی كوردستان و ئێران یاداشتێك واژوو دەكەن

كۆنفرانسی پەرەپێدانی ئابووری نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت

K24 - ھەولێر

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیارە یاداشتێكی لێك تێگەیشتن لە نێوان ھەردوولا واژوو بكرێت.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران ‌و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ھەولێر یاداشتی لێك تێگەیشتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران لەلایەن عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان و محەمەد شەریعەتمەدار، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران واژوو دەكرێت، كە یاداشتەكە باس لە بازرگانی نێوان ھەردوولا دەكات، ھەروەھا كردنەوەی بازاڕی بچووكی ئازادە لە سنوورەكانی نێوانماندا، ھەروەھا بەشێكی دیكەی یاداشتەكە ئاماژەكردنە بە ئاڵوگۆڕكردنی كاڵاكان لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران".

بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای ئێران بە سەرۆكایەتی محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی ئێران، لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتە ھەرێمی كوردستان.