ھەرێمی كوردستان و ئێران پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوانیان دەدەن

كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران لە ھەولێر دەستیپێكرد

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران و محەممەد سوودانی، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق و ژمارەیەكی دیكە لە وەزیر و بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان و ئێران كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران لە ھەولێر دەستیپێكرد.

لە دەستپێكی كۆنفرانسەكەدا وتاری ھەر یەك لە دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی كوردستان و عەلی سندی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بەوەکالەت و محەممەد سوودانی، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق و محەممەد شەریعەتمەداری، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و کانزاکانی  ئێران لە گوتەكانیاندا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران كردەوە.

عەلی سندی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بەوەکالەت لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەدا: "په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێران به‌هێزه‌و قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران له‌ ساڵی رابردوودا گه‌یشتووه‌ته‌ 8 ملیار دۆلار".

داواشی كرد: "ئەو خاڵە سنووریانەی لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران ھەن تا ئێستا بە فەرمی نەكراون، لە ئایندەدا بە فەرمی بكرێن، بۆ ئەوەی لە ژێر كۆنترۆڵی ھەردوولادا بن، ھەروەھا پێویستە ھەرێمی كوردستان وەك بازاڕێكی درێژخایەن تەماشا بكرێت و روناگەیەكی ستراتیژی لەنێوان ھەردوولا گەڵاڵە بكرێ بۆ ھاوكاری و ھەماھەنگی بەردەوام و حكوومەتی ئێران پشتگیری ئەو كارگانە بكاتە كە لە ھەرێمی كوردستان كاردەكەن".

ھەروەھا محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكانی ئێران رایگەیاند: "پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان لەئاستی پێویستدا نین و ھەموو ھەوڵێك دەدەین، كە پەیوەندییەكانی نێوانمان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ھاوبەش پەرەپێبدەین".

لە بەشێكی دیكەی كۆنفرانسەكەدا محەممەد شەیاع سودانی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی عێراق رایگەیاند: "بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران هانی سەقامگیری هەردوو وڵات دەدات. ھاوكات پێشوەچوونی بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هاندەری باش دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری عێراق".

ھ.م