مەترسییەكانی ساختەكاری لە سیستمی نوێی ھەڵبژاردنەكان ئاشكرا دەكرێ

"بە چەند كۆدێك دەتواندرێت ئەنجامەكان بگۆڕدرێن"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات، ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق ئاسانە و دەتواندرێت بە چەند كۆدێك گۆڕانكاری لە ھەموو ئەنجامەكان بكرێت و دەنگەكان لە بەرژەوەندی لایەنێك ھەژمار بكرێن.

ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاریدەری ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "سیستمی ئەلیكرتۆنی بۆ ھەڵبژاردن باشە، بەڵام لە وڵاتێكدا كە یاسا سەروەربێت و میلیشیا نەبێت و حزب باڵا دەست نەبێت، ئێستا زۆربەی حزبەكان پشتگیری لەو سیستمە دەكەن، دەترسم لە 13 مانگ رۆژێك دوای ھەڵبژاردن ئەو حزبانە لە بۆچوونەكانی خۆیان پەشیمان ببنەوە، ئەوەی من دەیبینم ئەو سیستمە لەسەر ئاستی جیھان پسپۆر و شارەزایان قسەیان لەسەر كردووە، ئەوە تەكنەلۆژیایە و دەتواندرێت لە بەرژەوەندی حزبێك یان زیاتر بەكار بھێندرێت، لەكاتی ناردنی دەنگەكان بۆ سێرڤەری سەرەكی ئەگەر ھەیە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی لەسەر ئەو سێرڤەرەن بێ لایەن نین، بۆیە دەكرێت دەستكاری ئەنجامەكان بكرێت".

گوتیشی: "ئەوەی زۆر مەترسیدارە پێشتر دەیانگوت لەگەڵ تەواوبوونی ھەڵبژاردن ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن، راستە دەتواندرێت ئەوە بكرێت چونكە دەتوانی ھەر ئەوكات پەنجە بە ئامێرەكەوە بنێیت و بینێری بۆ وێسگە و لەوێش ئەنجامەكان كۆبكاتەوە، واتا دەتوانین لە ماوەی یەك كاتژمێردا ئەنجامەكان رابگەیەنین، بەڵام ئەوەی من بیستم لە كۆمسیۆنی عێراق، دەڵێن رۆژی یەكەم ئەنجامەكان راناگەیەنین، ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەترسییە، پرسیار ئەوەیە بۆچی رایناگەیەنن؟، جاران ئەگەر پێویستت بە ھەزاران كەس ببێت بۆ ساختەكاری لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، ئێستا بە چەند كۆدێك دەتوانی ھەموو ئەنجامەكان بگۆڕی".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "یەكێك لە شتە كارە گرنگەكانی چاودێر لە ھەڵبژاردنەكان ئەوەیە ئەنجامەكە ببینێ، بەڵام بەپێی ئەو سیستمە چاودێر ناتوانێ ئەنجامەكە ببینێ، دواتر ئامێرەكە داتایەك نیشان دەدات و سندووقە ئەوەندە دەنگی تێدایە و بەسەر ئەو لیستانە دابەشبووە، ئەگەر پرۆسەی جیاكردنەوە و ئاشكراكردنی دەنگەكان ھەبێت، ئەو كەسەی چاودێرە لە بنكەكان دەتوانێ سكاڵا بكات، بەڵام بەو سیستمە ئێستا ناتوانین سكاڵا تۆمار بكەین".

ھ.م