كاندیده‌كان متمانه‌یان به به‌غدا نییه
"دەبێ كورد داوای پابەندبوون بە دەستوور بكات"
K24 - ھەولێر
به‌ربژێره‌كانی كورد بۆ خولی داھاتووی په‌رله‌مانی عێراق، له ئێستاوه متمانه‌یان به حكوومه‌تی داهاتووی عێراق نییه، كاندیدێكی پارتیش داوا ده‌كات بۆ زامنكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان، بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق به مه‌رجی پابه‌ندبوون به ده‌ستوور رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایەنە عێراقییەكان بكه‌ن.
كه‌متر له هه‌فته‌یه‌ك ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق و پاشان نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی كورد ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غدا، پرسیاریش ئه‌وه‌یه داخۆ گه‌ر حكوومه‌تی نوێ و لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراق جارێكی دیكە ده‌ستوریان پێشێل كرد، ئه‌وكات سه‌ركردایه‌تی سیاسی و نوێنه‌رانی كورد ده‌بێت چ بڕیارێك بده‌ن؟.
ئازاد حه‌مه‌دە‌مین، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك كورد دەبێ پێشوەختە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر لە بەغدا رێكبكەوین، بۆ ئەوەی بزانین ھیچ گەرەنتیەك ھەیە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور لە عێراق، یان كورد ناچارە جارێكی دیكە بە ئاشتیانە كارتی سیاسی خۆی كە ریفراندۆمە بەكاری بھێنێ و بیكاتە ئەمری واقیع".
كومه‌ڵی ئیسلامی داوا ده‌كات كورد له عێراقی داهاتوو په‌نا بۆ دادگای ده‌ستووری عێراق ببات و گه‌ر ئه‌و دادگایه‌ش نه‌یتوانی مافه ده‌ستوورییه‌كانی كورد بپارێزێت ئه‌وكات وه‌ك كاندیدێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان به یه‌كگرتووی بڕیاری كشانه‌وه له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بده‌ن.
لەوبارەوە ئومێد مسته‌فا، كاندیدی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر حكوومەتی عێراقی بەردەوام بێت لەسەر پێشێلكردنی دەستوور، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دادگای دەستووری و داوای مافی خۆمان بكەین، ئەگەر ئەوەش كاریگەری نەبوو، دەتوانین ئەوكات وەك كورد بە یەك دەنگ و یەك گوتار بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكەین".
ھ.م
