لە نێو قوربانیانی لافاوەكەی دھۆك تەرمی منداڵێك نەدۆزراوەتەوە
بەرگری شارستانی زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكات
K24 - دھۆك
بەھۆی بارانی بەخوڕ، شەوی رابردوو لە چەند ناوچەیەكی سنووری پارێزگای دھۆك لافاو روویدا، بەوھۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەستداوە، كە یەكێكیان منداڵە و تائێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ھەر چوار كەسە ئەندامی خێزانێكن و ویستوویانە لە كەلەكچییەوە بە مەبەستی نەخۆشخانە بچنە دھۆك، بەھۆی دروستبوونی لافاو ئاو بردوونی و گیانیان لەدەستداوە".
شەوقی سلێمان، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دھۆك، بە كوردستان24 رایگەیاند: "تا ئێستا تەرمی سێ ھاووڵاتی دۆزراوەتەوە و تەنیا یەك كەس ماوە ئەویش منداڵە و تیمەكانی بەرگری شارستانی لە گەڕان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی منداڵەكە".
روونیكردەوە: "ئەو خێزانە بە ئۆتۆمبێل كەوتوونەتە نێو ئاو و شوفێری ئۆتۆمبێلە توانیویەتی خۆی رزگاربكات و سەرنشینەكان خنكاون، ئەو منداڵەی كە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە تەمەنی لە خوار 10 ساڵیدایە".
ئاماژەی بەوەشدا: "زیاتر لە 50 ماڵ ئاو چووەتە نێو خانووەكانیان، ھەروەھا 28 كەسی دیكە، كە بەھۆی لافاو گیریان خواردبوو رزگارمان كردوون".