باوکی نێیمار: کوڕەکەم دەیەوێت بچێتە ریال مەدرید

نێیمار پەشیمانە لەوەی روویکردووەتە ریزەکانی پاریس سانجێرمان

رۆژنامەکانی مەدرید لەسەر بڵاوکردنەوەی دنەگۆکانی گواستنەوەی نێیمار لە پاریس سانجێرمانەوە بەرەو ریال مەدرید بەردەوامن و لە نوێترین هەواڵیشدا، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت باوکی نێیمار بە سەرۆکی پاریس سانجێرمانی گوتووە کوڕەکەی دەیەوێت یانەکە بەجێبهێڵێت.

رۆژنامەی مارکا لە ژمارەی ئەمڕۆ هەینیدا ئاشکرایکردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر باوکی نێیمار لەگەڵ ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندووە نێیمار دەیەوێت لە یانەکەی بڕوات و پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە بکات، بەڵام یانەی پاریس سانجێرمان ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەک نرخی فرۆشتنی نیمۆ دیاری بکات چونکە ئامادە نییە دەتبەرداری هێرشبەرە بڕازیلییەکەی بێت.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت نرخی گرێبەستی نێیمار لە 260 تاکو 300 ملیۆن یۆرۆ یان زیاتریش لەسەر ریال مەدرید بکەوێت، بەڵام ریال مەدرید سوورە لەسەر کڕینی نیمۆ و داوای لەو یاریزانە بڕازیلییە کردووە فشار بخاتە سەر کارگێڕانی پاریس سانجێرمان بۆ ئەوەی رێگەی پێبدەن بڕوات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی مارکا، نێیمار پەشیمانە لەوەی چووەتە پاریس سانجێرمان، چونکە لە خولی فڕەنسی رکابەریەکی بەهێز نییە و لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەشی ئاسوودە نییە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کاڤانی و یاریزانە ئارجێنتینییەکان نییە.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید تاکو دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ هیچ ‌هەوڵێک بۆ کڕینی نێیمار نادات، چاوەڕێی نیمۆ دەکات تاکو راشکاوانە داوای رۆیشتن لە بەرپرسانی یانەکەی دەکات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی