هونەرمەندێکی کورد 'بازنەی موزیکی جیهانی' دامەزراند
نێرگز عەزیز، موزیکژەن و پەروەردەکاری موزیک، پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی بەناوی "بازنەی موزیکی جیهانی" دەستپێکردووە، کە ئامانجی دروستکردنی گفتوگۆی موزیکە لەنێوان موزیکژەنانی کولتوورە جیاوازەکانی جیهان و ناساندنی کولتووری کوردی لە تۆڕێکی فراوانتری پەیوەندییە کولتوورییەکاندا.
سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026، نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەم پڕۆژەیەدا هەر جارێک لەگەڵ موزیکژەنێک لە کولتوورێکی جیاواز کۆدەبمەوە و هەر یەکێک بە ئامێر، تەکنیک، شێواز و نەریتی موزیکی خۆی بەشداری لە گفتوگۆکە دەکات، بەبێ ئەوەی یەک کولتوور لە ناو ئەوی تردا ون بێت."
نێرگز عەزیز سەبارەت بە جیاوازییە کولتوورییەکان گوتی، "جیاوازییە کولتوورییەکان نابێتە بەربەستێک بۆ دروستکردنی ئاوازێکی هاوبەش، بەڵکو دەکرێت ببێتە سەرچاوەی دروستکردنی دەربڕینێکی نوێی هونەری. لە هەمان کاتدا، هەر موزیکژەنێک شێوازی ژەنینی و ناسنامەی موزیکی خۆی دەپارێزێت."
نێرگز عەزیز جەختی لەوەش کردەوە، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی "بازنەی موزیکی جیهانی"، ناساندنی کوردستان و کولتووری کوردییە لە رێگەی موزیکەوە و بەستنەوەی پەیوەندییەکی زیندووە لەنێوان موزیکی کوردی و کولتوورەکانی دیکەی جیهان."
سەبارەت بە مێژووی شارستانییەتی کوردستان، نێرگز عەزیز دەڵێت، "کوردستان لە مێژوودا شوێنی تێکەڵبوونی شارستانیەت، زمان، موزیک و نەریتی جیاواز بووە، بۆیە موزیک دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ پیشاندانی ئەو جیاوازی و هاوبەشییە کولتوورییە بە جیهان."
ئەو خانمە موزیکژەنە باس لە هێزی موزیک دەکات و دەڵێت، "هونەر و موزیک هێزن، بەڵام ئەو هێزە بە فشاری زۆر کار ناکات، لەبەر ئەوەش دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هێزی نەرم و ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسیی کولتووری لەنێوان کوردستان و جیهاندا."
نێرگز عەزیز سەبارەت بە دروستبوونی بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە روونیکردەوە، "بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە کە موزیک سنوورەکان دەبڕێت و دەتوانێت دەنگ و بیرۆکە و کولتووری هونەرمەندێک لە شوێنێکەوە بگەیەنێتە شوێنێکی دیکە، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان."
نێرگز عەزیز باسی لەوەش کرد، "هەروەها دەمەوێت لە چوارچێوەی "بازنەی موزیکی جیهانی"، جیهانی ئامێرە موزیکییە کۆن و نوێیەکان لە رێگەی دەربڕینێکی نوێی هونەرییەوە لەیەک نزیک بکەمەوە و لە تێکەڵبوونی ئەواندا یەکتربڕێکی نوێی موزیکی دروست بکەم.
سەبارەت بە یەکەم بەرهەمی پڕۆژەکەی، نێرگز عەزیز دەڵێت، "یەکەم بەرهەمی ئەم پڕۆژەیەم لەگەڵ موزیکژەن و هونەرمەندی سویدی، مۆنس بیلنەر، دەستپێکرد، و ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستپێکی زنجیرەیەک لە گفتوگۆ موزیکییەکان کە لە داهاتوودا لەگەڵ هونەرمەندان و موزیکژەنانی بەشە جیاوازەکانی جیهان بەردەوام دەبم.
نێرگز عەزیز، موزیکژەن، پەروەردەکاری موزیک و توێژەر لە مێژوو و کولتووری ئامێرە موزیکییەکانە. خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەوروپایە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە و قوتابی بەشی موزیک و تەندروستییە و ئێستا لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئامێرەکانی موزیک لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات.