لە شنگال ھێزەكانی عێراق دەچنە ناو بنكەكانی دەنگدان
"حەشدی شەعبی بنكەیەكی تایبەت بەخۆیان كردووەتەوە و رێگەنادەن كەس لێی نزیك بێتەوە"
K24 - دھۆك
لەكاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، ھێزەكانی عێراق لە شنگال چوونەتە ناو بنكەكانی دەنگدان و ئاستەنگ بۆ دەنگدەران دروست دەكەن، ھاوكات جارێكی دیكە رێگەیان نەدارا تیمی كوردستان24 لە شنگال رووماڵی پڕۆسەی دەنگدان بكات.
پەیامنێری کوردستان24 لە شنگال رایگەیاند: "هێزەکانی عێراق لە شنگال چوونەتە نێو بنکەکانی دەنگدان و ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دروست دەكەن، ئەمەش بووەتە ھۆی نیگەران لای دەنگدەرانی شنگال".
گوتیشی: "لە کۆمەڵگای تەلبەناتی سەر بە شنگال، حەشدی شەعبی بنکەیەکی تایبەت بۆ خۆیان کردووتەوە و دەنگی تێدا دەدەن و بە هیچ شێوەیەك ناهێڵن کەس لەو بنکەیە نزیك ببێتەوە".
پەیامنێری کووردستان24 راشیگەیاند: "جارێكی دیكە چەكدارانی حەشدی شەعبی لە شنگال رێگریمان لێدەكات رووماڵی پرۆسەی دەنگدان بكەین، چەندین جار پەیوەندیمان بە نوێنەری کۆمسیۆن لە شنگال کردووە، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێك لەسەر پێشێلکارییەکان بدات".
پێشتریش لە 10 ئەم مانگە و لە كاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی تایبەت، حەشدی شەعبی رێگەی نەدا تیمی كوردستان24 لە شنگال رووماڵی پرۆسەی دەنگدان بكات.
ھ.م




