پزیشكی به‌رازیل نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی پێكانه‌كه‌ی ئالڤێس بڵاو كرده‌وه‌

ئالڤێس به‌شداری له‌ مۆندیال ده‌كات؟

رۆدریگۆ لاسمار پزیشكی هه‌ڵبژارده‌ی بڕازیل دابڕانی دانی ئالڤێسی به‌رگریكاری بڕازیلی له‌ مۆندیال دووپاتكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئالڤێس تووشی پچڕانی به‌سته‌ره‌كانی ئه‌ژنۆی بووه‌و دوای نه‌شته‌رگه‌ری شه‌ش مانگی پێویسته‌ بۆ چاكبوونه‌وه‌....

رۆدریگۆ لاسمار گوتیشی: پێكانه‌كه‌ی دانی ئالڤێس له‌ به‌سته‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی ئه‌ژنۆیه‌تی، به‌پێی ئه‌و پشكنینه‌ی بۆی كراوه‌ ناتوانێت به‌شداری له‌ مۆندیال بكات، چونكه‌ پێویستی به‌ نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه‌ و شه‌ش مانگی پێویسته‌ بۆ چاكبوونه‌وه‌، به‌ڵام واده‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ دیار نییه‌.

پزیشكی هه‌ڵبژارده‌ی بڕازیل ده‌شڵێت: به‌ دڵنیایی ئالڤێس توڕه‌ و دڵگران و غه‌مباره‌ به‌م پێكانه‌، چونكه‌ پاڵه‌وانێتیه‌كی گه‌وره‌ی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ تێده‌په‌ڕێنێت و كار ده‌كات بۆ زوو چاكبوونه‌وه‌، ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌م پێكانه‌ی چاك ببێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كرێت.

دانی ئالڤێسی ته‌مه‌ن 35 ساڵ، له‌ دوایین یاری خۆی له‌گه‌ڵ پاری سانجێرمان له‌ فایناڵی جامی فره‌نسا تووشی پێكان بوو، یانه‌كه‌شی ناسناوه‌كه‌ی برده‌وه‌، به‌ڵام ئالڤێسی له‌ده‌ست دا.