ئه‌مه‌ریكا توندترین سزای مێژوویی به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت
رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نه‌یتوانی رێگری له هه‌وڵه فراوانخوازییه‌كانی تاران بكات كه ده‌ست نه‌خاته كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه و ئێران ھەوڵدەدات خۆی بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست
K24- هه‌ولێر:
مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ستراتیژییه‌تی نوێی ئیداره‌ی تره‌مپ به‌رامبه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران راگه‌یاند و پێشنیازی 12 خاڵی بۆ ئێران كرد. هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت رێككه‌وتنێكی نوێی ناوه‌كی ئه‌نجام بدرێت، پێویسته سه‌ره‌تا هێزه‌كانی له سووریا و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه بكشێنێته‌وه و سه‌رجه‌م هاوكارییه‌كانیشی بۆ گروپه تیرۆرستی و میلیشیاكان له ناوچه‌كه بوه‌ستێنێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران نه‌یتوانی ئاسایشی جیهان بةطشتى و ئةمةريكا بةتايبةت ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌ڵینیشیدا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توندترین سزا له مێژوودا به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت.
پۆمپیۆ له یه‌كه‌م لێدوانی رۆژنامه‌وانيى ئاشكرادا دوای وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی گوتی: "ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێندرێن، له‌داهاتوودا توندتریش ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر تاران ئه‌و رێبازه نه‌گۆڕێت كه له رابردوودا هه‌ڵیبژاردووه، كه ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاوپۆشی لێ بكرێت و، كاتێكیش تاران به‌رده‌وام بوو، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا توندترین سزا كه له‌مێژوودا تۆمارده‌كرێت، به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌پێنێت".
پۆمپیۆ له درێژه‌ی قسه‌كانیدا دووپاتیكرده‌وه، "ئێمه جۆره فشارێكی دارایی له‌دژی رژێمی ئێران به‌كارده‌هێنین، كه هه‌رگیز له‌مێژوودا ئه‌و جۆره فشارانه به‌كارنه‌هاتوون و، ئه‌وه‌ش پیشانی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران ده‌ده‌ین كه تاچه‌نده ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌مان جددین".
هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران نه‌یتوانی رێگری له هه‌وڵه فراوانخوازییه‌كانی تاران بكات كه ده‌ست نه‌خاته كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه و ئێران ھەوڵدەدات خۆی بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تائێستا له پشتیوانیكردنی حزبوڵڵای لوبنانی به‌رده‌وامه و، به به‌رده‌وامیش پشتگیری حوسییه‌كان ده‌كات و مووشه‌كی بالیستییان پێ ده‌دات، هاوكات كه بووه‌ته هه‌ره‌شه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر سه‌قامگیری عێراق، له هه‌مانكاتدا گه‌وره‌ترین سپۆنسه‌ری تیرۆریشه و بووه‌ته به‌نده‌ری گواستنه‌وه‌ی تیرۆریستان، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئاگری توندوتیژییه‌كانی سووریای گه‌شتر كردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا روونیشیكرده‌وه، "دوای كشانه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، راسته‌وخۆ سزا كۆنه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئێران و چه‌ند سزایه‌كی توندی نوێش بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته زیاد ده‌كرێن".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێران پارە بۆ تێكدانی ئارامی و سه‌قامگیری وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەرج دەكات، بۆیه نامانه‌وێت هه‌ڵه‌كانی رێككه‌وتنی پێشووی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران دووباره بكه‌ینه‌وه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی رژێمی ئه‌و وڵاته ببینه‌وه"، جه‌ختیشیكرده‌وه، "له‌كاتێكدا خەڵكی ئێران بەدوای پاروویەك ناندا دەگەڕێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران بە ملیۆنان دۆلار بۆ تێكدانی ئارامی وڵاتان خەرج دەكه‌ن".
پۆمپیۆ پێداگیری كرد: "پێویسته ئێران رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرێت، ده‌بێت ده‌ست له پیتاندنی یۆرانیۆم هه‌ڵگرێت، له سووریا بكشێته‌وه، پشتیوانییه‌كانی بۆ تاڵیبان رابگرێت، گۆڕانكاری له سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌ته‌كه‌یدا بكات".
له په‌یامه‌كه‌یدا، پۆمپیۆ ده‌می داواكارییه‌كانی له وڵاتانی دیكه‌ش كرد و گوتی: "داواتان لێ ده‌كه‌م بێنه ناو كه‌مپینی دژایه‌تیكردنی ئێران و پێویسته رژێمی ئێران باجی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی بدات، كه ساڵی داهاتوو ده‌بێته 40 ساڵ ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا گرتووه و خودی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ش رژێمی تاران ره‌ت ده‌كاته‌وه".
H.B