وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌كه‌وێته ته‌ڵه‌ی رووسه‌كانه‌وه
وایزانیوه قسه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌كات و هه‌رچی نهێنی به‌ریتانیایه ئاشكرای كردووه
K24 - هه‌ولێر:
بۆریس جۆنسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی شانشینی به‌ریتانیا، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی گه‌نجێكی رووسی بۆ دێت و ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌داته‌وه، واده‌زانێت سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیایه و باسی په‌یوه‌ندی نێوان له‌نده‌ن و مۆسكۆی بۆ ده‌كات.
دوای 18 خووله‌ك ئینجا جۆنسن بۆی ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه گه‌نجێكی رووسییه نه‌ك نیكۆل باشینیان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا و ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی داخستووه‌ته‌وه.
ئه‌و گه‌نجه رووسییه و هاوڕێكه‌ی به‌ناوی لێكزس و فۆفان، به‌شێك له‌و په‌یوه‌ندییه‌یان تۆماركردووه و له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاوییان كردووه‌ته‌وه.
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و 18 خووله‌كه‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، كه‌یسی ژه‌هراویكردنی سێرگی سكریپال كۆنه سیخوڕه رووسییه‌كه‌یه له‌گه‌ڵ یۆلیای كچی.
دواتريش نووسینگه‌كه‌ی جۆنسن راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌ركرد و ئه‌و كرداره‌ی به هه‌ڵسوكه‌وتێكی منداڵه وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، به وردی له‌و بابه‌ته ده‌كۆڵنه‌وه.
نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له داونینگ ستریت، رایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی له‌و رووداوه ده‌كه‌ن، له به‌شێكی تۆماره دهنگییهكهشدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی نیكۆل باشیشیان كردووه كه تازه به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا هه‌ڵبژێردراوه.
دوای ئه‌وه‌ش، چوونه‌ته سه‌ر باسی ژه‌هراویكردنی كۆنه سیخوڕه رووسییه‌كه، كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه روویداو به‌هۆیه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مۆسكۆ و له‌نده‌ن گرژی تێكه‌وت، له‌و په‌یوه‌ندییه تهلهفۆنییهشدا، جۆنسن رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌نده‌ن 100% دڵنیایه له‌وه‌ی مۆسكۆ به‌رپرسه له‌و رووداوه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئه‌وه‌شی گوتووه: "گرنگه رووسه‌كان ئه‌وه بزانن شانشینی به‌ریتانیا پلانی هه‌یه به توندی رووبه‌ڕووی ببێته‌وه و بواری ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ده‌وروبه‌ری پوتینیش ته‌سكتر بكاته‌وه".
جۆنسن له درێژه‌ی قسه‌كانی ده‌شڵێت: "به‌ردێك له گه‌ڕه‌كی كینسنگتۆنی له‌نده‌ن فڕێده‌یه خواره‌وه به سه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندێكی رووس ده‌كه‌وێت، هه‌ندێكیان له پوتین نزیكن و هه‌ندێكیشیان نا".
له به‌رامبه‌ردا ئه‌و گه‌نجه‌ی كه خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ناساندووه گوتوویه‌تی: "ئه‌من حه‌زم له قژی تۆیه"، كه وه‌ك له وێنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، جۆنسن خاوه‌ن قژێكی سه‌یره و كه‌مجار رێكده‌كه‌وێت داهێنرابێت.
دوای ئه‌و هه‌موو باس و خواسه، گه‌نجه رووسه‌كه به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی گوتووه: "سوپاس بۆ ئه‌و هه‌موو هه‌واڵ و زانیارییه سه‌رسوڕهێنه‌ره".
ا. م