فیفا لەبارەی سەرۆکە کوردەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە هۆشداریی دەداتە حکومەتی عێراق
لە کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کاتی خۆی دەکرێت
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بەهۆی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق بۆ سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێ هۆشداریی دەداتە حکومەتی عێراق.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو عەبدوڵخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و جێگرەکەی سەردانی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانیان کرد و لە کێشە و ئاڵزۆییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی وەرزش و لاوان ئاگادار کردەوە، ئەمڕۆ شەممە فیفا بە نووسراوێکی فەرمی عەبدولحوسێن عەبتانی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، دەست لە کاروباری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق وەرنەدات، ئەگینا بەگوێرەی یاساکانی فیفا تۆپی پێی عێراق لە چاڵاکییە نێودەوڵەتییەکان سڕ دەکرێت.
فیفا لە نووسراوەکەیدا دووپاتیشی کردووەتەوە، کە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت، کە وابڕیارە رۆژی 31ی ئەم مانگە سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڵبژێردرێت، کە سەرۆکە کوردەکەی فیدراسیۆنەکە جارێکیتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە بەربژێر دەکاتەوە.