ترەمپ: سیخوڕیی زانیاری لە نێوان چین و ئەمریکادا پڕۆسەیەکی دوولایەنەیە

ترەمپ: داوام لە زێلینسکی کردووە هێرش نەکاتە سەر وێستگە و پاڵاوگەکانی دیزڵ لە رووسیا

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە هێرش نەکاتە سەر وێستگە و پاڵاوگەکانی دیزڵ لە ڕووسیا، چونکە ئەو هێرشانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان و زیان بە هەمووان دەگەیەنن.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (Air Force One) سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا هۆشداری دا لە لێکەوتە ئابوورییەکانی بۆردوومانکردنی کەرتی وزەی رووسیا و گوتی: "کێشەی من لەگەڵ ئەم جەنگە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری دیزڵ لە ڕووسیاوە دێت؛ ئۆکرانیا وێستگە و پاڵاوگەکانی ئەوێ بۆردوومان دەکات، بۆیە من بە روونی داوام لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە ئەو پاڵاوگانە نەکاتە ئامانج. کەمبوونەوەی هەناردەی سووتەمەنیی ڕووسیا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەمەش زیان بە هەموو جیهان دەگەیەنێت، دەبێت ئەمە رابگیرێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی وێنەی مانگە دەستکردەکان لەلایەن دامەزراوە چینییەکانەوە بە ئێران لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئوردن، ترەمپ پرسەکەی ئاسایی کردەوە و گوتی: "ئەوان هەمان ئەو کارە دەکەن کە ئێمە دەیکەین. کاتێک خەڵک دەڵێن چین سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکات، پێیان دەڵێم راست دەکەن، بەڵام ئێمەش سیخوڕییان بەسەرەوە دەکەین."

ترەمپ گوتیشی: پێیوایە شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە مامەڵەکانیدا "باش و لەبار" رەفتاری کردووە و لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن گفتوگۆی لەگەڵ دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی تیمی دانوستانکاری خۆی کرد سەبارەت بە دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەرتی غەززە، و رایگەیاند: "سەیری غەززە بکەن وەک نموونە؛ ئێمە سەرجەم بارمتەکانمان گەڕاندەوە. خەڵک لەبیریان دەچێت، بەڵام ئێستا شەڕێکی ئەوتۆ لە غەززە نەماوە و حەماسیش ئامادەیە چەک دابنێت. ئەوان کارێکی بێوێنەیان ئەنجامداوە کە کەسی تر نەیدەتوانی بیکات."

لە بارەی بەرگریی مووشەکییەوە، ترەمپ باسی لە گۆڕینی هاوکێشە تەکنۆلۆژییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە "لەیزەر دەبێتە داهاتووی بەرگری"، چونکە لەبری خەرجکردنی پارەیەکی بێشومار بۆ مووشەکی بەرگری، سیستمە لەیزەرییەکان بە رێژەی نزیکەی 100% ئامانجەکانیان دەپێکن و تێچووی داراییان زۆر کەمترە.