زیاتر لە 88%ـی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سوید یەکلابووەتەوە

لە یەکێک لە هەستیارترین و لەیەکترنزیکترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی سویددا، دوای جیاکردنەوەی 88%ی دەنگەکان، هاوپەیمانیی بەرەی چەپ بە جیاوازیی تەنیا یەک کورسی 175 بەرامبەر 174 پێشەنگی پەرلەمانی گرتووە.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی نوێترین داتاکانی دەستەی پەخشی فەرمیی سوید (SVT)، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی پێنج هەزار و 528 بنکە لە کۆی شەش هەزار و 626 بنکەی دەنگدان، نەخشەی دابەشبوونی 349 کورسییەکەی پەرلەمانی سوید (ریکسداگ) کێبڕکێیەکی توند و چارەنووسساز نیشان دەدات:

بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ و ناوەند، 175 کورسییان بەدەستهێناوە لەوانە، سۆسیال دیموکرات: 99، چەپ: 29، ناوەند: 25، ژینگە: 22؛ بەمەش کەمترین رێژەی زۆرینەی یاسایی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە.

هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری راستڕەوەکان: 174 کورسییان بەدەستهێناوە لەوانە، مۆدێرات: 70، دیموکراتەکانی سوید: 63، مەسیحی دیموکرات: 22، لیبڕاڵ: 19.

گەورەترین سوپرایز و وەرچەرخانی ئەم هەڵبژاردنە، لەدەستدانی 10 کورسی بوو لەلایەن پارتی دیموکراتەکانی سوید (SD)ی دژە کۆچبەر، بە جۆرێک دەنگەکانی بۆ 17.7% دابەزی و پێگەی خۆی وەک دووەم گەورەترین هێزی وڵات بەخشییە پارتی میانڕەو (مۆدێرات) بە سەرۆکایەتیی ئۆلف کریستەرسۆن.

دەنگی پاررتەکان.

سۆسیال دیموکراتەکان (S): بە بەدەستهێنانی 28% لە پلەی یەکەمی وڵاتدا ماونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 2.3% دەنگەکانیان کەمی کردووە.

پارتی میانڕەو (مۆدێرات - M): بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران ئۆلف کریستەرسۆن، بە بەدەستهێنانی 19.9%ی دەنگەکان توانیویەتی پێگەی دووەم لە توندڕەوەکان وەربگرێتەوە، بە دەستکەوتی 0.8% زیاتر لە هەڵبژاردنی پێشوو.

دیموکراتەکانی سوید (SD): کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی دژە کۆچبەرە، گەورەترین شکستی ئەم هەڵبژاردنەی بەرکەوتووە و بە لەدەستدانی 2.8%ـی پێگەکەی، دابەزیوە بۆ 17.7% و پلەی سێیەمی گرتووە.

پارتی چەپ (V): هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە بەدەستهێنانی 8.1% (بە زیادبوونی 1.4%) لە پلەی چوارەمدایە.

پارتی ناوەند (C): 7.1%ـی دەنگەکان (زیادبوونی 0.4%).

مەسیحی دیموکرات (KD): 6.2%ـی دەنگەکان (زیادبوونی 0.9%).

پارتی ژینگە (سەوزەکان - MP): 6.1%ـی دەنگەکان (زیادبوونی 1%).

پارتی لیبڕاڵ (L): 5.4%ـی دەنگەکان (زیادبوونی 0.8%).

پارتەکانی دیکە: 1.6%ـی سەرجەم دەنگەکانیان بردووە.