نووسەر و لێكۆڵەری كورد محەمەد ساڵح ئیبراهیمی كۆچی دوایی كرد
قورئانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و 30 كتێبیشی بەچاپ گەیاندوون
K24 - ھەولێر
نووسەر و لێكۆڵەری ناسراوی کورد، د. محەمەد ساڵح ئیبراھیمی ناسراو بە (شەپۆل) لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران-ی پایتەختی ئێران بەھۆی جەڵتەی مێشك كۆچی دوایی كرد.
محەمەد ساڵح ئیبراھیمی لە 24/6/1933 لە شاری مھاباد لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و خوێندنی سەرەتایشی ھەرلەوێ تەواوكردووە، ساڵی 1962 لە زانكۆی تاران وەرگیراوە و لە ساڵی 1970 ماجستێری وەرگرتووە، لە ساڵی 1995 دكتۆرای لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی (فارسی- عەرەبی) لە ھەمان زانكۆ وەرگرتووە.
مامۆستا شەپۆل، لە پاڵ نووسین و لێكۆڵینەوە، لە بواری رۆژنامەوانی و زمانی كوردی رۆڵی بەرچاوی ھەبووە، لە ساڵی 1979 مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی گۆڤارێكی مانگانەی بەناوی (گرشەی كوردستان) وەرگرتووە و 9 ژمارەی لێ بڵاوكردووە، ھەروەھا یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی كوردانی دانیشتووی تاران، بۆ ماوەیەكیش سەرۆكی كۆمەڵەكە بووە.
محەمەد ساڵح ئیبراھیمی، قورئانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و 30 كتێبیشی بەچاپ گەیاندوون و چەند كتێبێكیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، ھەروەھا چەندین وتاری لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی رۆژھەڵات و باشووری كوردستان بڵاوكردووەتەوە.
بڕیارە لە گۆڕستانی شاعیران لە مھاباد لە تەنیشت شاعیرانی کورد ھێمن و ھەژار و پێشەوا قازی محەمەد بە خاك بستپێردرێت.



.jpg)