لەم وەرزە هیچ سێکوچکەیەک نییە شان لە شانی سێکوچکەی سەڵاح و فیرمینۆ و مانێ بدات
بەیەکەوە لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 90 گۆڵیان بۆ لیڤەرپوول کردووە
وەکچۆن بڕیاری داوە لەبەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەمڕۆ بەڕۆژوو نەبێت، هاندەرانی لیڤەرپوول هیوادەخوازن لە یارییەکەش لە گۆڵکردن بەڕۆژوو نەبێت و ئەو کارە تەواو بکات کە لە سەرەتای وەرزەوە لەگەڵ رێدز دەستی پێکردووە.
سێکوچکەی محەمەد سەڵاح و سادیۆ مانێ و رۆبێرتۆ فیرمینۆ لەم وەرزە بەیەکەوە 29 گۆڵیان بۆ رێدز کردووە، هیچ یاریزانێک پێشتر لە وەرزێکی چامپیۆنزلیگ 10 گۆڵی نەکردووە، سەڵاح و فیرمینۆ هەریەکەیان 10 گۆڵیان کردووە و مانێش نۆ گۆڵی کردووە، رکابەری یەکتری دەکەن لەسەر ئەوەی ریکۆردی زۆرترین گۆڵی یاریزانێکی لیڤەرپوول لە وەرزێکدا بشکێنن.
محەمەد سەڵاح لەم وەرزە خێراترین یاریزانی چامپیۆنزلیگە و لە هەر کاتژمێرێکدا 33,8 کیلۆمەتری بڕیوە، یۆرگن کلۆپ چاوی لەوەیە بە خێراییەکەی سێکوچکەکەی پێشەوە تۆڕی گۆڵی کەیلۆر ناڤاس بهەژێنن.
لیڤەرپوول بە سەرکردایەتی سێکوچکەکەی یەکەم یانەیە لە وەرزێکی چامپیۆنزلیگ 40 گۆڵ تۆمار بکات، کە سەدا 72ی گۆڵەکانی لەلایەن سەڵاح و فیرمینۆ و مانێوە تۆمارکراون.
لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان سێکوچکەی ئێم ئێس ئێف بەیەکەوە 90 گۆڵیان تۆمارکردووە و هیچ سێکوچکەیەکی دیکە نییە لەم وەرزە شان لە شانی ئەو یاریزانە ئەفریقی و بڕازیلیانە بدات، سەڵاح 44 گۆڵی کردووە و فیرمینۆش 27 جار تۆڕی گۆڵی رکابەرەکانی هەژاندووە و مانێش 19 گۆڵی هەیە، بەڵام هاندەرانی لیڤەرپوول ئاواتەخوازن ژمارەی گۆڵەکانی سیانەکەی پێشەوەی تیپەکەیان ژمارەی گۆڵەکانیان لە 90 نەوەستێت و ئەمشەو بۆ شەشەمجار رێدز بکەنە پاڵەوانی ئەوروپا.