"عه‌بادی تاكه كاندیده"
تا دوو هه‌فته‌ی دیكه وێنه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت روون ده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
حسێن ئه‌لعادلی، گوته‌بێژ به‌ناوی هاوپه‌یمانی نه‌سر رایگه‌یاند: "تا ئێستا جگه له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هیچ كه‌سێكی دیكه‌یان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو كاندید نییه و تاكه كاندیدییان هه‌ر عه‌بادییه".
ئه‌لعادلی ده‌ڵێت: "له‌لایه‌ن كوتله براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 وه هیچ نه‌یارییه‌ك به‌رامبه‌ر عه‌بادی نییه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق وه‌ربگرێته‌وه".
گوته‌بێژه‌كه‌ی نه‌سر به ئاژانسی سپوتنیكی رووسی گوتووه: "ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باسی ئه‌وه‌یان كردبوو كه موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له عه‌بادی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری حزبی ده‌عوه ببێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه و سه‌در هیچ مه‌رجێكی له‌و جۆره‌ی دانه‌ناوه".
حسێن ئه‌لعادلی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، دانووستان و لێكتێگه‌یشتنی قووڵ له‌نێوان هاوپه‌یمانی نه‌سر و لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌یه، نزیكترین هێزیش له نه‌سه‌ره‌وه هاوپه‌یمانی سائیروونی موقته‌دا سه‌دره و گفتوگۆی كراوه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی دیكه ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
گوته‌بێژه‌كه‌ی نه‌سر ده‌ڵێت: "پاش هه‌فته‌یه‌ك یان دوو هه‌فته‌ی دیكه وێنه‌كه له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ روون ده‌بێته‌وه".
له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه رۆژی 12/5/2018 به‌رێوه‌چوو، هاوپه‌یمانی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی توانی به 42 كورسی پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێناوه.