مێسی: له‌ دوای بارسێلۆنا یاری بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌ورووپا ناكه‌م

نوێترین دیمانه‌ی مێسی میدیاكانی هه‌ژاند

لیۆنێل مێسی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ئارجێنتینا به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیال نییه‌، له‌باره‌ی چاره‌نووسیشی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له ‌دوای بارسێلۆنا یاریی بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌وروپا ناكات و به‌ر له‌ وازهێنانیش ده‌یه‌وێت بۆ شه‌ش مانگیش بێت له‌ خولی ئارجێنتینی یاریی بكات.

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵی El Treceـی ئارجێنتینا، لیۆنێل مێسی ده‌ڵێت: دوای بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگا له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا، ئه‌مجاره‌ ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌م نازناوی مۆندیال ببه‌مه‌وه‌، بردنه‌وه‌ی ئه‌م نازناوه‌ش زۆر نایابه‌.

لیۆ گوتیشی: متمانه‌ی گه‌وره‌م به‌ یاریزانه‌كانمان هه‌یه‌ ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ین، ئه‌ستێره‌ی به‌ توانا و به‌ ئه‌زموونمان هه‌یه‌.

مێسی ده‌شڵێت: نامانه‌وێت ئه‌م په‌یامه‌ بنێرین كه‌ ده‌مانه‌وێت بچینه‌ رووسیا و ببینه‌ پاڵه‌وان، چونكه‌ ئێمه‌ باشترین تیپ نین، هه‌ڵبژارده‌كانی بڕازیل و ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا باشترن له‌ ئارجێنتینا.

مێسی ده‌ڵێت: چاره‌نووسم له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا زۆر روونه‌، له‌ دوای بارسێلۆنا یاریی بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌ورووپا ناكه‌م، ده‌مه‌وێت به‌ر له‌ وازهێنان ئه‌گه‌ر بۆ شه‌ش مانگیش بێت له‌ خولی ئارجێنتینی یاریی بكه‌م، به‌ڵام نازانم له‌ داهاتوودا چی رووده‌دات.