عه‌لی گه‌ڕێنرایه‌وه وڵاته‌كه‌ی سوزانا
بكوژی كچه ئه‌ڵمانییه‌كه له ده‌ست هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌ڵمانیادایه
K24 - هه‌ولێر:
دواجار عه‌لی به‌شار، ئه‌و گه‌نجه كورده‌ی به كوشتنی كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵانی ئه‌ڵمانی تۆمه‌تباركرابوو و پاش "ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ری و كوشتنی" رایكردبووهوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، به ده‌ستگیركراوی شه‌وی 9/6/2018 گه‌یێنرایه‌وه ئه‌ڵمانیا.
له‌وباره‌یه‌وه وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئه‌و گه‌نجه ته‌مه‌ن 20 ساڵانه‌ی تۆمه‌تباره به كوشتن و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر كچێكی ئه‌ڵمانی ده‌سگیركرا".

هۆرست زیهۆفه‌ر، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت: "خۆشحاڵم كه ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیاوه داواكرابوو گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا، ئێستا ده‌توانیین لێكۆڵینه‌وه له كێشه‌كه بكه‌ین، بۆ خێزانی قوربانییه‌كه ئه‌وه سهرهخۆشییكردنێكی ساده‌ی ئێمه‌یه بۆیان، من له‌م كاته ناخۆشه‌دا دڵم له‌گه‌ڵیاندایه، به‌ڵام بۆ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا گرنگ ئه‌وه‌یه تاوانه‌كان ئاشكرا بكرێن و تۆمه‌تبار و تاوانباره‌كان راده‌ستی دادگا بكرێن".

عه‌لی رۆژی هه‌ینی 8/6/2018 له شاری زاخۆی باشووری كوردستان ده‌ستگیركرا، ئه‌و پاش ئه‌نجامدانی "تاوانه‌كه" له ماڵێكی كه‌سێكی نزیكیدا خۆی حه‌شاردابوو.
لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک، لەبارەی دەستگیرکردنی عەلی بەشار رايگەیاند، له‌سه‌ر ئەو کچە ئەڵمانییەی بە دەستی پەنابەرێكی کوردی باشووری كوردستان کوژرابوو، حکوومەتی ئەڵمانیا بەفەرمی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردبوو بۆ ئەوەی تاوانبارەكە دەستگیربكەن.
ليوا تاريق بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، ئه‌و "تاوانباره" له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شارۆچكه‌ی زاخۆ ده‌ستگیركراوه و له به‌رده‌م دادوه‌ریش دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه، كه به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی رووی له ئه‌ڵمانیا كردبوو و پێشتریش نێشته‌جێی زاخۆ بووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆك راشیگه‌یاند، تاوانباره‌كه له ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ كچه‌كه چوونه‌ته ده‌ره‌وه "مه‌ی و مادده‌ی هۆشبه‌ریان به‌كارهێناوه"، دواتر ناكۆكییان له نێوان درووست بووه، ئه‌و كاته‌ی كچه‌كه ویستوویه‌تی پۆلیس ئاگاداربكاته‌وه، ئه‌و كوڕه له خۆی ترساوه، كچه‌كه‌ی گرتووه و ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ری.
لیوا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای ئه‌و كاره‌ش به ده‌ست كچه‌كه‌ی خنكاندووه و هه‌ر له‌و شوێنه‌ش ته‌رمه‌كه‌ی خستووه‌ته ژێر گڵ، به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌ڵمانیاش، كچه‌كه ناوی سوسانایه و ته‌مه‌نی 14 ساڵه.
پۆلیسی ئه‌ڵمانیش گوتوویه‌تی، ته‌رمی سوزانا فێڵدمان كه كچێكی یه‌هوودییه له نێوان شاری ماینتسی نزیكی فرانكفۆرت دۆزیوه‌ته‌وه، له ناوچه‌یه‌كی دارستانی فیزبادن كه له ناوه‌ندێكی په‌نابه‌رانه‌وه نزیكه، سوزانا بووه‌ته قوربانی ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژی و هێرشێكی توند له‌لایه‌ن تاوانباره‌كه‌وه تا خنكاندوویه‌تی.

به‌ڵام پۆلیسی ئه‌ڵمانی به‌دووری ده‌زانێت كوشتنی سوزانا به‌هۆی ئایینه‌كه‌یه‌وه بێت و ده‌ڵێت: "هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه بیسه‌لمێنێ كه ئایینه‌كه‌ی هۆكاری كوشتنی بووه".
هه‌ر چه‌نده ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌هوودییه‌كانی ئه‌ڵمانیا داوایانكردبوو په‌له بكه‌ن له زانینی هۆكاره‌كانی كوشتنی ئه‌و كچه و پاڵنه‌ره‌كانی پشت تاوانه‌كه.
ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر سوزانا كراوه ته‌نانه‌ت ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمانیای زۆر نیگه‌ران كردووه و گوتبووی: "ده‌بێت ئه‌ڵمانه‌كان ئه‌وه‌یان بیربێت پێویسته ئه‌وه‌ی له توانایاندایه بۆ په‌یوه‌ستكردنی په‌نابه‌ره‌كان به كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانییه‌وه بیكه‌ن.
مێركڵ له په‌راوێزی لوتكه‌ی گرووپی G7 له كه‌نه‌دا گووتی: "ئه‌و نه‌هامه‌تییه تۆقێنه‌ره‌ی رووی له خێزانی قوربانییه‌كه كردووه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌مووان داناوه، به‌تایبه‌تی من، هاوكاریی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا و ده‌زگا ئه‌منییه كوردییه‌كان زۆر زۆر باشه، كارێكی زۆرباشه ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ستگیر بكرێت و ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش بیری هه‌موومان دێنێته‌وه كه پێویسته پرسی وابه‌سته‌كردنی په‌نابه‌ره‌كان به كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانییه‌وه زۆر به جددی وه‌ربگرین و پره‌نسیپه هاوبه‌شه‌كانی نێوانمان زۆر روون بێت".
مێركڵ ئه‌وه‌یشی گووت: "پێویسته له‌سه‌رمان سزای تاوانباره‌كه‌ش بده‌ین، چونكه ناتوانین پێكه‌وه بژین ئه‌گه‌ر پابه‌ندی یاساكانمان نه‌بن".
هه‌وڵی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان زۆرێك له ئهڵمانهكانیشی دڵخۆش كردووه، له‌وباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی بێلد نوسیوویه‌تی: "له‌سه‌ر حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا پێویسته سوپاسی كورده‌كان بكات به‌هۆی ئه‌و هاوكارییه‌ی ده‌زگا فه‌رمییه‌كانیان كردوویانه و سه‌لماندوویانه كه خێران و كاره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش ده‌كه‌ن. ئه‌وان هاوڕێی راسته‌قینه‌ی ئه‌ڵمانیان له‌و ناوچه‌ی ئاژاوه باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه".
پاوڵ رۆنتسهایمه‌ر له رۆژنامه‌ی بێلدا دا نوسیوویه‌تی "پێویسته سوپاسی یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه بكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه ئه‌و تۆمه‌تباره به ئازادیی له چیاكان ده‌سوڕایه‌وه".